حەسەن بارام: پرۆسەی بەعەرەبکردنی جۆراوجۆر بۆ سەر کەرکوک بەردەوامە

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسنووری خورماتوو ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی بەعەرەبکردنی جۆراوجۆر بۆ سەر کەرکووک بەردەوامە.
حەسەن بارام ئاماژە بەوە دەکات کە، دوای سەرهەڵدانی داعش ودەست بەسەراگەتنی چەندین شارو شارۆچکە ، بەدەیان هەزار خێزانی عەرەب ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون ، بۆ بەردەوام بونی پرۆسەی خۆێندنی ئەو ئاوارانە ، حکومەتی ناوەندیی دوو نوێنەرایەتیی لەهەولێر وسلێمانی کردەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی خوێندنی خوێندکارانی عەرەبی ئاوارە، بەڵام ماوەیەکە حکوومەتی ناوەندی بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکانی داوە، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەردوو نوێنەرایەتیەکەی تایبەت بەخوێندنی ئاوارەکان داوە، دەڵێت: تەنها لەهەولێر وسلێمانی دوو بەش دروست دەکرێت بۆ سەرپەرشتی کردنی خوێندنی ئەو خێزانە عەرەبانەی کەلەکوردستان ماونەتەوە وئامادە نین لەئێستادا بچنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان .
گوتی: ئەوەی مەترسیی و هەڕەشەیەکی جدییە، حکوومەتی عێراقی بڕیاری داوە بەشەکەی هەولێر بەمیلاکەوە بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی (نەینەوا/موسڵ)، هەرچی بەشەکەی سلێمانییە بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکووک ، هەر بۆیە وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای لەهەموو ئەو مامۆستایانە کردووە کە لە بنەڕەتەوە لەسەر میلاکی پەروەردەکانی (سەڵاحەدین و ئەنبار ودیالە و بەغدا وموسڵ و ناوچە و شارەکانی دیکەن، ئێستا لەسلێمانی وانە بە فێرخوازانی ئاوارەی عەرەبی دەڵێنەوە، بەبڕیار میلاکەکانیان بگوازنەوە بۆ سەر میلاکی پەروەردەی کەرکووک ، بەمەش بەسەدان وبگرە هەزاران مامۆستای عەرەبی ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق بەمیلاک و بەخێزانەوە دەگوازرێنەوە بۆ کەرکووک ، ئەمەش شێوەیەکی دیکەیە لەپرۆسەی بەعەرەبکردن ، بەڵام بەبەرگێکی یاساییەوە .
حەسەن بارام دەڵێت: کورد ئاگای لەم بڕیارە پڕ لەمەترسییە نییە ، خۆ ئەگەر ئاگایشی هەبێت بێگومان هەستی بەمەترسییەکەی نەکردووە.