600 گێچەڵکاری ئەلیکترۆنی لە عێراق دەستگیرکراون

لەگەڵ زیادبوونی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق مەترسی باندەکانی گێچەڵکاری ئەلیکترۆنیش زیاتر بوون، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای دەکات، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا 600 گێچەڵکاری ئەلیکترۆنی دەستگیرکراون، دەشڵێ: بۆ رێگریکردن لەهەڕەشەکانی ئەو باندانە هەڵمەتەکانی هۆشیاری زیاتر دەکەن.

تۆڕەکانی گێچەڵکاری ئەلیکترۆنی لە عێراق زیاتر بوون و  بۆ وەرگرتنی پارە لە خەڵک لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گێچەڵ بە بەکارهێنەران دەکەن، کە زۆرینەی هەڕەشەلێکراوان لە کچان و ئافرەتانن و دیاردەکەش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان زیاتر بووە.

ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تەنیا لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 600 گێچەڵکاری ئەلیکترۆنیان دەستگیرکردووە.

ئاماژە بەوەش دەکات، ماوەی مانگێکە هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە دەست پێ کردووە و زۆرترین خەڵک پەیوەندیان پێوە کردوون و سكاڵای جیاوازیان لەسەر باندەکانی ئەلیکترۆنی بەدەست گەیشتووە.

گوتیشی: هەڵمەتی هۆشیاری لەبەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەماوەی ساڵی رابردوودا 100 قوتابخانانەو 70 هەزار قوتابی لە خۆگرتووە، بەو پێیەی قوتابیان ڕووبەرووی زۆرترین گێچەڵکاری بوونەتەوە.

جەختیش لەوە دەکاتەوە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن هەڵمەتەکە فراوانتر دەکرێت و سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش 100 ئەفسەری ژن و پیاو زیاد دەکرێن بۆ هەڵمەتەکە، کە ئەفسەرانی ئەمنی و تەکنیکار و پیشەگەری یاسایی لەخۆ دەگرن، هەروەها ئامانجی هەڵمەتەکە هۆشیارکردنەوەیانە لە باندەکانی گێچەڵکاران و وەرگرتنی پارە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر.

ناوزڕاندن و هەڕەشەو گێچەڵکاری ئەلیکترۆنی بەگوێرەی یاسای سزادانی ژمارە 111 کە لەساڵی 1969 دەرچووە بە تاوان دادەندرێت و سزاکەشی بەگوێرەی ئەم وەسفە دەچێتە ژێر ماددەی 26ـی یاساکە بە بەندکردن لەنێوان سێ مانگ تاوەکو پێنج ساڵ دەبێت یان سەپاندنی سزای پێبژاردن.

بەم دواییانە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق مەترسی  باندەکانی گێچەڵکاری ئەلیکترۆنی زیادیان کردووە، هەر بۆیە لەمانگی تەمموزی ئەمساڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیاری بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەو باندانە لە بەشێک لە پارێزگاکان بەڕێوەبردووە.

 

Fly Erbil Advertisment