ده‌سته‌ی دەستپاکیی فیدراڵی: بە هاوکاریی بەغدا و هەولێر یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌گه‌وره‌كانی دزیی سه‌ده ده‌ستگیر كرا

ده‌سته‌ی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند بە هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە تۆمەتباره گه‌وره‌كان کە تۆمەتبارە بە "دزی سەدە"، ده‌ستگیر كراوه و ڕاده‌ستی ده‌سته‌كه كراوه.
ڕۆژی چوارشه‌ممه 31ـی ته‌ممووزی 2024، ده‌سته‌ی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگه‌یاند "بە هاوکاریی هه‌ردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە تۆمەتباره گه‌وره‌كان کە تۆمەتبارە بە دزینی پارەی پێشەکی باج، کە لە مێدیاکان بە "دزیی سەدە" ناسراوە، ده‌ستگیر كراوه و ڕاده‌ستی ده‌سته‌كه كراوه".
هەینی، 15ـی ئاداری 2024، دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند: دۆسیەی نوور زوهێر، کە تۆمەتباری سەرەکییە لە دۆسیەی دزیی سەدە لە قۆناغی کۆتایی دادگه‌دایە و 30 تۆمەتباری دیکەش لێکۆڵینەوە لە بارەیانەوە دەکرێت کە ڕۆڵیان لەو گەندەڵییە هەبووە.
حەنوون ئاشکراشی کرد "بەشێک لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکوومەتی عێراقیش لە خۆ دەگرێت و بەشێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر کراون و هەندێکیشیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات".
هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو گەندەڵییە".
بە گوتەی بەرپرسانی عێراق، تۆمەتبارکردنی ئەو بەرپرسانە دەگەڕێتەوە بۆ هاوبەشییان لە دەرهێنانی پارە بە شێوەیەکی نەختینەیی لە دەستەی گشتی باج لە ساڵانی 2021 و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بە بڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت تەنانەت لە وڵاتێک‌دا کە به‌رده‌وام لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە.
لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی ڕافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج سەلماند، دادگه‌ی کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیەیە ده‌ركرد.
رۆژی 1ـی شوباتی 2023، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسیەی دزیی سەدە لە هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج دزرا بوو، ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.