هێمن هەورامی و کونسوڵی گشتیی ڕووسیا پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن

هێمن هەورامی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا باسی ئامادەکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. هەورامی دەڵێت: برەوی زیاتر بە پەیوەندییە ئابووری و فەرهەنگییەکان لەگەڵ ڕووسیا دەدەین.
چوارشەممە 31ـی تەممووزی 2024، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. هاوکات، جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیای فیدراڵ کرایەوە.
هێمن هەورامی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا، باسیان لە ئامادەکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ برەودانی زیاتر بە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا لە ڕووی سیاسیی و ئابووری و فەرهەنگی و خوێندنی باڵاوە.
ڕۆژی 10ـی تەمموزی 2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ڕۆژى 18ـی تشرینی دووەمی 2023ی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و داواى لە كۆميسۆنى کرد ئامادهيى نيشان بدات بۆ سهرپهرشتيكردنى ههڵبژاردن لهو ڕۆژەدا، یاخود لهگهڵ ڕۆژی بەڕێوەچوونی ههڵبژاردنى ئهنجوومهنى پارێزگاکانی عێراق له 18ـی کانوونی یەکەمی 2023.
پێشتریش، لە 24ی شوباتی 2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی 1ـی تشرینی یهكهمی 2022 واژۆکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخرا.