دوای سێ دەیە چێشتلێنەری سەرەکیی کۆشکی سپی خانەنشین بوو
بەرپرسێکی ئەمەریکا بە "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاند، کریستیتا کۆمەرفۆرد، چێشتلێنەری کۆشکی سپی، دوای نزیکەی سێ دەیە لە چێشتلێنان بۆ پێنج سەرکردە و خێزانەکانیان خانەنشین بوو،
کۆمەرفۆرد، کە وەک یەکەم ئافرەت لە کۆشکی سپی دەستی بەکار کرد، دواتر بەرزترین پۆستی لە چێشتخانەی کۆشکی سپیدا بەدەست هێنا. ئەو لە ساڵی 1995 لە سەردەمی ئیدارەی کلینتۆن و دوای 10 ساڵ لەلایەن خانمی یەکەمی وڵات. لۆرا بوشەوە پلەی بەرزکرایەوە بۆ چێشتلێنەری جێبەجێکار.
کریستیتا کۆمەرفۆرد، بۆ ماوەی 29 ساڵ خواردنی بۆ خێزانەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دروست کردووە، لەنێویاندا خێزانی کلینتۆن، بوش، ئۆباما، ترامپ و بایدن، هەروەها سەرپەرشتی هەموو خواردنەکانی کۆشکی سپی کردووە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دوایین ڕۆژی کاری ئەو، هەینی ڕابردوو بووە.
خانمی یەکەم جیل بایدن لە بەیاننامەیەکدا گوتی: هەمیشە دەڵێم خواردن خۆشەویستییە، لە ڕێگەی پیشەیەکەوە کە بەربەستەکانی شکاندووە، شێف کریس، بە سۆز و داهێنانەوە سەرکردایەتی تیمەکەی کردووە، بەدرێژایی ئەو ڕێگەیە خۆراکی ڕۆحمانی داوە، من و جۆ، بە دڵ و گیان سوپاسگوزارین بۆ خزمەتەکانی.
کۆمەرفۆرد، سەرپەرشتی تیمێکی سێ چێشتلێنەری یاریدەدەر و چێشتلێنەرێکی جێبەجێکار بە ناوی سوزی مۆریسۆن دەکرد.
لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە ساڵی 2014دا گوتی: بۆ ئەوەی ببیتە چێشتلێنەری کۆشکی سپی، دەبێت میانڕەو بیت کە ئەوە زۆر گرنگە، چونکە تەنها زانیاری و لێهاتووییەکانی شێوازی چێشت لێنانەکەت بەس نییە، ئەوە پەیوەندی بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکەوە هەیە، شێوازی بەڕێوەبردنی کارەکەت و شێوازی جێگیرکردنی تیمەکەت وەک هێزێکی یەکگرتوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک خواردن بۆ خێزانی یەکەم و سەرۆکی ئەمەریکا دروست بکەیت، ئەوە ئەزموونێکی زۆر تایبەتە.
کۆمەرفۆرد، لە مانیلا لەدایک بووە و گەورە بووە، لە تەمەنی 23 ساڵیدا کۆچی کردووە بۆ ئەمەریکا، هەروەها وەک "کچی زەڵاتە" لە هۆتێلەکانی شیکاگۆ کاردەکات و هەندێک زەڵاتە دروست دەکات، لە دوو هۆتێل لە واشنتۆن دی سی وەک چێشتلێنەر کاری کردووە و شەش مانگ لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا بووە، و فێری تەکنیکەکانی چێشتلێنانی فەرەنسی بووە، پێش ئەوەی لە کۆشکی سپی دەست بە کارەکانی بکات.
لە ساڵی 2005دا، ئەو یەکێک بوو لە نێو ئەو 450 داواکارە بۆ وەرگرتنی پۆستی چێشتلێنەری جێبەجێکار، کە "پێشبڕکێی کۆتایی چێشتلێنان"ـی وەسف کرد.