کوژرانی بەرپرسێکی دیکەی حەماس سەلمێندرا

وێنەی محەممەد زەیف
وێنەی محەممەد زەیف

ئەمڕۆ پێنشەممە، 1ـی ئابی 2024، هێزەکانی بەرگریی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، محەممەد زەیف، سەرۆکی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام و باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، کوژراوە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە ئۆپراسیۆنێکدا دوو هەفتە لەمەوبەر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، محەممەد زەیف، بریندار بوو، بەڵام ئەمڕۆ کوژرا.

بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر تیرۆر کراوە.

لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.

مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕێنمایی بۆ وەزیرانی حکوومەت دەرکردووە، کە هیچ لێدوانێک لەسەر تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە نەدەن.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 30ـی تەممووز، کوژرانی فوئاد شوکر، سەرۆکی حزبوڵڵای لوبنانی ڕاگەیاند.

ئەو دوو کوشتنە (هەنییە و شوکر) ترسێکی گەورەی لە هەڵکشانی شەڕێکی ناوچەیی خستووە.