بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان سوپاسنامەیەکی لە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقەوە پێ گەیشت

دهستهی باڵای حهج و عومرهی عێراق ستایشی ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی حهج و عومرهی ههرێمی كوردستان له بهڕێوهبردنی فهریزهی حاجییان دهكات.
پێنجشەممە، 01-08-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سوپاسنامەیەکی لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقەوە پێ گەیشت.
لە سوپاسنامەکەدا دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگییان لە سەرکەوتنی وەرزی حەجی ئەمساڵ.
سوپاسنامەکە، دوای ئەوە دێت کە نووسینگەی کاروباری حاجییانی عێراق توانی بۆ ساڵی دووەم خەڵاتی گەورەی (لبیتم) بە دەست بهێنێت کە ساڵانە لەلایەن سعوودییەوە بە باشترین نووسینگەی کاروباری حاجییان لە جیهان، دەدرێت.
ئەمساڵ زیاتر لە 41 هەزار حاجى بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ بەجێ گەیاندنی فەریزەی حەج، چووبوونە سعوودییە.

چەند ڕۆژێکە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ تیروپشکی هەر سێ وەرزی حەجی 2025، 2026 و 2027 لە ڕێگەی ماڵپەری ئەلیکترۆنی (www.hajj.gov.iq) کردووەتەوە و بێ بەرامبەرە.
پشکى جێگیرى ساڵانەى عێراق بۆ حەج 33 هەزار کەسە، بەڵام ساڵانە سعوودییە ژمارەکە زیاد دەکات. دەستەی باڵای حەج و عومرە دەڵێت، پشکی پارێزگاکان بە گوێرەی ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتووان دەبێت کە لە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە پەسەند کراوە.
بە گوێرەی ئەو مەرجانەی دەستەکە بڵاوی کردوونەتەوە، پێویستە تەمەنی داواکار لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت و لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی (پارێزگا) کە لە کارتی نیشتەجێبووندا هاتووە، داواکاریی پێشکەش بکات نەک لەسەر پشکی پارێزگایەکی دیکە.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەڵێت، ئەو کەسەی پێشتر بەهەر ڕێگەیەک فەریزەی حەجی بەجێ گەیاندووە یان لە ساڵانی پێشوودا تیروپشکی بردبێتەوە و دەستبەرداری کورسیەکەی بوو بێت، ناتوانێت ئەمساڵ جارێکی دیکە داواکاریی پێشکەش بکات.