فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان "هەواڵێكی چەواشەكاری" ڕەت دەکاتەوە
فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان "هەواڵێكی چەواشەكاری"ـی کەناڵێکی ڕاگەیاندن لەبارەی دامەزراندنی ڕێكخراوێكی (هاوڕەگەزبازی) ڕەت دەکاتەوە.
پێنجشەممە، 01-08-2024، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دەزگایەكی ڕاگەیاندن كە زمان حاڵی حزبێكی كوردستانە، بەبێ بوونی زانیاری و بەڵگەی دروست و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی، بە چەند هەواڵێكی چەواشەكاریی، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومیەكانی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دامەزراندنی ڕێكخراوێك كە بە زمانی ئەوان (هاوڕەگەزبازیی)ە. لە بنەڕەتدا بەكارهێنانی ئەو وشەیە دەچێتە چوارچێوەی شێواندنی دەروونی كۆمەڵگەکەمان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەم كەناڵە هەموو ئەو بەها ئەخلاقی و ئیتیكیانەی تێپەڕاندووە كە لە یاسایی ڕۆژنامەگەریی كوردستان ژمارە (35) ساڵی 2007 و بەڵێننامەی شەرەفی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان دیاریی كراوە، پێشێلی پیشەی ڕۆژنامەنوسیشی كردووە چونكە بەبێ سەرچاوەی ڕاست و دروست هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵەش بووە هۆی ئەوەی دوێنێ، چەند کەس و لایەنەک كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕێك بخەن و بەیاننامەیەكی چەواشەكاریی بێبنەمای تێدا بەیان بكەن، كە وشە بە وشەی بەیاننامەکە بێ بەڵگە و تۆمەتێكی دروستكراو و هەڵبەستراو و چەواشەكارییە لە پێناو شێواندنی دەروونی هاوڵاتیانی ئازیزی كوردستان".
دەقی ڕونكردنەوەکەی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان:
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن دەزگایەكی ڕاگەیاندن كە زمان حاڵی حزبێكی كوردستانە، بەبێ بوونی زانیاری و بەڵگەی دروست و گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی، بە چەند هەواڵێكی چەواشەكاریی، فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومیەكانی كوردستان تۆمەتبار دەكات بە دامەزراندنی ڕێكخراوێك كە بە زمانی ئەوان (هاوڕەگەزبازیی)ە. لەبنەڕەتدا بەكارهێنانی ئەو وشەیە دەچێتە چوارچێوەی شێواندنی دەروونی كۆمەڵگەکەمان.
ئەم كەناڵە هەموو ئەو بەها ئەخلاقی و ئیتیكیانەی تێپەڕاندووە كە لە یاسایی ڕۆژنامەگەریی كوردستان ژمارە (35) ساڵی 2007 و بەڵێننامەی شەرەفی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان دیاری كراوە، پێشێلی پیشەی ڕۆژنامەنووسیشی كردووە چونكە بەبێ سەرچاوەی ڕاست و دروست هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە، بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵەش بوو بە هۆی ئەوەی دوێنێ چەند کەس و لایەنێک كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕێك بخەن و بەیاننامەیەكی چەواشەكاریی بێ بنەمای تێدا بەیان بكەن كە وشە بە وشەی بەیاننامەكە بێ بەڵگە و تۆمەتێكی دروستكراو و هەڵبەستراو و چەواشەكارییە لە پێناو شێواندنی دەروونی هاووڵاتیانی ئازیزی كوردستان.
ئێمە تێدەگەین مەرامی ئەم دەزگا و كەس و لایەنانە چیە و دەشزانین (ئاینی پیرۆزی ئیسلام) بەكار دەهێنن بۆ مەرامەكانیان و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە سۆزی هاووڵاتیان بەلای خۆیاندا ڕابكێشن، بۆ كۆكردنەوە و زیادكردنی چەند دەنگێك، بەڵام هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان زۆر بەئاگا و هۆشیارن لەبەرامبەر ئەم چەواشەكارییانەدا.
بۆیە ئێمە وەك تیمی نوێی سەرۆكایەتیی لە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان لە ژێر ڕۆشنای یاسای ژمارە (1) ساڵی 2011 و پەیڕەوی ژمارە (4)، كارووبارەكانمان بەڕێوە دەبەین و سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی تۆكمەین كە ڕێكخراوەكان ئازادانە لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكانی عێراق و هەرێمی كورستان كاروچالاكیی گرنگ و كاریگەر ئەنجام بدەن بۆ بوژانەوەی ژێرخان و سەرخانی كوردستانی ئازیز، ئامانج و پەیام و خەمی گەورەی ئێمە پاراستنی نیشتمان و خۆشەویستی خاك و بەها باڵاكان و ئاكارە جوانەكانی كۆمەڵگەكەمانە بەهەموو نەتەوە و ئاین و پێكهاتەكانیەوە.
هەروەها لێپێچینەوەی یاسایی دەگرینەبەر بەرامبەر ئەو كەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانەی كە جگە لە چەواشەكاریی و بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، هیچی تر لە هەگبەیاندا نییە.
بە وزەیەكی نوێ و عەقڵێكی مەدەنیەوە كاردەكەین بۆ گەشەكردن و پێشخستنی ڕەوتی ڕێكخراوەیی لە هەرێمی كوردستاندا.
هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین كە لە هەیكەلیەتی كارگێڕیی فەرمانگەكەماندا پلەیەك نییە بەناوی ڕاوێژكار، بەڵكو بەپێی پەیڕەوی ژمارە (4)/ ماددەی دووەم/ بڕگەی یەكەم: بەرزترین پلەی كارگێڕی لە فەرمانگەكەماندا (بەڕێوەبەری گشتی)ە.