لێژنەیەکی پەرلەمانی عێراق هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی بازاڕی قەیسەری و لەنگەی هەولێر دەدات
لێژنەی دەرخستنی ڕاستییەکانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری و لەنگە، هۆکارەکانی سووتانی هەردوو بازاڕی قەیسەری و لەنگە لەگەڵ پارێزگاریی هەولێر بە وەکالەت گتوگۆ دەکەن و هەوڵی قەرەبووکردنەوەی زیانمەندانی ئەو بازاڕانە لەڕێگەی دامەزراوە فیدراڵییەکان لەڕێگەی بودجەی لەناکاو دەدەن.
پێنجشه‌ممه یەکی ئابی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت، لەگەڵ لێژنەی دەرخستنی ڕاستییەکانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سووتانی هەردوو بازاڕی قه‌یسه‌ری و لەنگەی هه‌ولێر كه پێكهاتبوون له دكتۆر سه‌باح سوبحی سه‌رۆكی لێژنه‌كه و ئه‌ندامانی لێژنەکە لەسەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەو كۆبوونه‌وه‌یه‌دا تیشک خرایە سەر هۆكاره‌كانی سووتانی هەردوو بازاڕی قه‌یسه‌ریی و لەنگەی شاری هه‌ولێر، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی قەبارەی زیانه‌كانی سووتانی هەردوو بازاڕه‌كه و هه‌وڵدان بۆ چۆنییه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان له رێگه‌ی داموده‌زگا فیدراڵییه‌كان لەڕێگەی بوودجەی لەناکاو کرا، بۆ ئەوەش لێژنه‌كه و تیمی پارێزگای هه‌ولێر هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌نه گه‌ڕ.
هەر لەو کۆبوونەیەوەدا، سەرجەم داتا و بەدواداچوونەکان لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری و لەنگەی هەولێر خرانە ڕوو، هاوکات ڕایانگەیاند، لێژنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر دەبنە سکاڵاکار و داکۆکیکار لە کاسبکارانی ئەو دوو بازاڕە لە پێناو دەستخستنی ماف و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.