لەگەڵ زیاتربوونی گرژییەکان، عێراقییەکان دەخوازن وڵاتەکەیان بەدوور بێت لە شەڕ و ململانێکان

K24 – بەغدا:
لەگەڵ زیاتربوونی بارگرژییەکان هاووڵاتییان لە عێراق دەخوازن وڵاتەکەیان بەدوور بێت لە بڵێسەی شەڕ و ململانێکان لەناوچەکەدا و وەک خۆیان دەڵێن: خوازیاری سەقامگیرین و، نایەنەوێت شەڕێکی دیکە لەبەردەم خۆیان ببینن.
بڵێسەی شەڕ و ترسی نادیار لە داهاتوودا بۆ عێراق، ئەم پرسەیە کە شەقامی عێراقی لەگەڵ بارگرژییەکان و بە ئامانجگرتنەکان لە لوبنان و ئێران و تەنانەت عێراقیش ترسیان لێی هەیە، ترسی هاووڵاتیان خزانی عێراقە بۆ ناو ئەو بارگژییانە.
بەشێك لە هاووڵاتییان بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند: بە جۆرێک لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و ترسی ڕاکێشانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوە هەیە لەبەرامبەر قەیرانەکەدا و قەیرانەکە بەرەو هەڵکشان دەچێت، هەروەها لێدوانەکانیش بەو ئاراستەیەن، ئەم پرسەش لەلایەن حکوومەت کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
گوتیشیان: ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ئەو شەڕانەی کە عێراق هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نییە، کاریگەری نەرێنی لەسەر شەقامی عێراقی دەبێت، ئەمڕۆ عێراق ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە بچێتە ناو شەڕەوە، ئێمە لە وڵاتێکین ئارەزوو دەکەین سەقامگیری هەبێت، وڵات ئامادە نییە و هاووڵاتییانیش ئامادەی ئەوە نین شەڕێک لەبەردەم خۆیاندا ببینن.
لای خۆیەوە، ئەمیر ساعدی، شارەزای بواری ئەمنی، بە کوردستان24ـی گوت: ڕاگەیەندراوی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان وای نیشان دەدا کە نەرمییەک هەیە واتە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەشێوەیەکی یاسایی ئەگەر پێویست بکات، ئاماژەکان زیاتر بۆ ئەوە دەچن کە گڵۆپی سەوز بۆ میلیشیاکان داگیرسابێت، کە ئەگەر بیانەوێت لە دژی ئەمەریکا ململانێکان بەرەو هەڵکشان ببەن.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و بەپێی زۆرینەی پێشبینییەکان ڕۆژانی داهاتوو پڕ دەبن لە سوپرایز بۆ هەندێک لایەن و، وەک شارەزایانیش دەیبینن براوەکانیش ئەو لایەنانە دەبن کە خۆیان لەو ئەجێندانە بە دوور دەگرن کە هەندێک لایەن لەناوچەکە لە هەوڵی سەپاندنیدان.