پێشەوا هەورامانی: پێشوازی دەکەین لە بڕیاری دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی ئێزدی
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی ئێزدی و سەرجەم قوربانییانی کۆمەڵکوژی.
1ـی ئابی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەت ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی دەکات لە دیاریکردنی ڕۆژی 3ـی ئابی هەموو ساڵێک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک ڕۆژی رێزگرتن لە قوربانییانی ئێزدی و سەرجەم قوربانییانی کۆمەڵکوژی.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەکردووە: بەپێی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتژمێر دەی سەر لەبەیانی لەو ڕۆژەداو هەموو ساڵێک، فەرمانگەکانی حکوومەت و شوێنە گشتییەکان و بازاڕو شەقامەکان بەبێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی قوربانییان دەوەستن، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ڕێز لەم بڕیارە دەگرین و بەگرنگ و پێویستی دەزانین.