فوئاد حوسێن: هەرێمی کوردستان بووە پەناگەی ئارامی ئێزدییەکان
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هێرشەکانی داعش بۆ شنگال و ناوچەی ئێزیدی نشینەکان، باوەشی بۆ ئێزدییەکان کردەوە و بووە پەناگەی ئارام بۆیان.
شەممە 3ـی ئابی 2024، لە ئەڵمانیا ڕێوڕەسمێک لەبارەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا ڕێکخرا، لەو ڕێوڕەسمەدا کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە گوتەیەکدا، سوپاسی حکوومەتی ئەڵمانیای کرد کە کۆمەڵلکوژی ئێزدییەکانی بەجینۆساید ناساندووە، گوتی: دە ساڵ پێش ئێستا داعش کەمپینێکی کۆمەڵکوژی دژی ئێزدیەکان ئەنجامدا و دەست درێژی کردە سەر شەرەفی مافی مرۆڤ و خاکی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق فرەچەشنە لەڕووی ئایین و بیر و باوەڕەکان، تیاوانێک بۆ سەر عێراق، گوتی: لە کاتێکدا ئەو یادە دەکەینەوە، بەرگریی و خۆڕاگریی ئێزیدیەکانمان لەبیر دەمێنێت، هەوڵ دەدەین ئەو ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ساڵی 2021 کە تایبەتە بە دەرکردنی یاسا بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش، گوتی: ئامانج لەو یاسایە بکەرانی ئەو تاوانە دادگایی بکەن، حکوومەتی عێراق کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکانی بەجینۆساید ناساندووە، نزیکەی دوو هەزار منداڵ و ژن و پیاوی ئێزیدیەکان سوودمەنی یاسایەکانی عێراق بوون لە هاوکاریی دارایی و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیزیدیەکان و ڕێکخراوەکان، حکوومەتی عێراق دەستی بە ئاوەدانکردنەوەی دەشتی نەینەواو و شنگال کردووە، بودجەی بۆ تەرخان کردووە، هاوکات لێژنەی مرۆیی دروستکردووە بۆ گەڕان لە چارەنووسی ئەوانەی هێشتا لە دەستی داعش ماون.
فوئاد حوسێن گوتی: حکوومەتی عێراقی هەستی بەو نادادپەروەرییە کردووە کە لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر ئیزیدیەکان کراوە لەسەر دەستی داعش و ڕژێمەکانی پێشووش، شەنگال و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ستەمیان لێکراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شان بە شانی حکوومەتی عیراق کار بۆ پاراستنی ئێزیدییەکان دەکات.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە هەڵەکانی حکوومەتی ئەڵمانیا کرد بۆ هاوکاریی کردنی ئێزدییەکان و گوتی: ئەڵمانیا هاوخەمی ئێزیدیەکان بووە و جینۆسایدی ئێزیدیەکانی ناساندووە و دانی پیێداناوە، هاوکات دانی بەو دڕندایەتیە ناوە کە بەرامبەر ئێزدییەکان کراوە، یاسایاکی دەکردووە بۆ ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی ئەوانەی دەستیان لە تاوان دژی ئێزیدییەکان هەبووە،هاوکات ئەڵمانیا پەناگەیەکی ئارامی بۆ ئێزیدییەکان کردووەتەوە و خانەوادەکانی بەیەک گەیاندووە، ژمارەیەکی زۆری ئێزیدیشی لەباوەش گرتووە، ئێمەش لەگەڵ ئەڵمانیا دۆسییەی ئێزیدییەکان تاوتوێ دەکەین و کلتوور و مافی ئێزیدییەکان پارێزراو بێت، سەرۆکوەزیرانی عیراق بەڵێنی داوە هاوکاریی دروستکردنی سەنتەرێکی تایبەت بە جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان دەدات لە ئەڵمانیا بە هاوبەشی حکوومەتی ئەو وڵاتە، دەشڵێت: بە هەوڵی پێشمەرگە و هاوپەیمانەکان خاکی خۆمان لە دەستی داعش ڕزگار کرد، دەمانەوێت ڕێگریی بکەین لە دووبارە بوونەوەی تاوانەکان دژی ئێزیدییەکان، هاوکات سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا و ڕێکخراوە نا حکوومییەکان و وڵاتانی کرد بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی ئێزیدییەکان، داوای لە ئێزیدییەکانیش کرد هەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ هاتنە دی ئامانجەکانیان.
بەرەبەیانی 3ـی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری، ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگارییان بوو، ئەوانی دی بە ژن و منداڵ و پیاوەکان دەورووبەریان گیرا و دەستبەسەر کران، لە پرۆسەیەکدا، ژن و منداڵ و پیاوەکانیان لە یەکتر جیا کردەوە، ئەوانەی بەزۆر کرانە مووسڵمان لە ژیان مانەوە، ئەوانەی ڕەتیان کردەوە زۆرە ملێ ببنە مووسڵمان، کوژران و زیندەبەچاڵ کران.
داعش دەستدرێژی سێکسی کردە سەر ژن و منداڵە ئێزیدییەکان، ژن و کچەکانی کردنە کۆیلەی سێکسی، زۆرینەی ئیزیدییەکانی گواستەوە ڕەققە و ناوچەکانی دەورووبەری، دوای کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش، ژمارەیەکی زۆری ئێزیدییەکان بە هەوڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستی داعش ڕزگار کران.