دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: هێشتا خەڵکی شنگال و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان

ئێزدیەکان
ئێزدیەکان

لەبیرەوەری دە ساڵەی جینۆسایدکردنی ئیزیدییەکان لەسەر دەستی داعش، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێشتا خەڵکی سەربەرزی شنگال و ئاوارەکان نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بتوانن بەئارامی ژیانی خۆیان بەسەر ببەن، شارو گوندەکانیشیان ئاوەدان نەکراونەتەوە.

شەممە 3ـی ئابی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پەیامێکی لە بیرەوەری دە ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزیدیەکان بڵاو کردووەتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ئەمڕۆ هەموو مرۆڤایەتی بەیەکەوە یادی دە ساڵەی جینۆساید کردنی خوشک وبرایانی ئێزیدی دەکەینەوە، یادی قوربانیانی یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەدە دەکەینەوە بەرامبەر مرۆڤایەتی .

بەداخەوە دەساڵ پێش ئێستا لە 3ی ئابی 2014 لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش هەزاران ژن و منداڵ و گەنج و پیری ئێزدی زۆر بە نامرۆڤانەو دوور لەهەموو بەهایەک هاتنە کوشتن و بەشێکی زۆریش لەکچان و ژنان ڕفێنران و کرانە کەنیزەک و هەرچی حوکم و یاسای نامەدەنی و نامرۆڤانە بوو بەسەریان سەپاندن.

بەداخەوە هێشتا خەڵکی سەربەرزی شنگال و ئاوارەکان نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و بتوانن بەئارامی ژیانی خۆیان بەسەر ببەن و هێشتا شارو گوندەکانیان ئاوەدان نەکراونەتەوە.

جێگەی نیگەرانی هەموولایەکە کە تائێستا ڕێککەوتنی شنگال جێ بەجێ نەکراوە، بەداخەوە هێشتا هەوڵەکان لەئاستی نێودەوڵەتی وەک پێویست نین بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی شنگال، لەسەر هەموومانە هەوڵەکان چڕتر بکەینەوە بۆ ئەو مەبەستە.

ئەوەی پێویستە بگوترێ و بیری مرۆڤایەتی بهێنینەوە، تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە کچان و ژنانی ڕفێنراوی ئێزیدیان هێشتا نەگەڕاونەتەوە ناو کەس و کاری خۆیان و پێویستە لەسەر حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هەوڵێک بدەن و هەماهەنگی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەو مەبەستە.

بەو بۆنەوە جارێکی دیکە سەری ڕێزو ماتەم دادەنوێنین بۆ قوربانیانی ئەو مەرگەساتەو تاوانە دژە مرۆڤایەتیە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.

3ی ئابی 2024