ئەرشەد ساڵحی: ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێسته‌كان لە کەرکووک یه‌كنه‌خرێن پێكهێنانی حكوومه‌تی خۆجێیی دوا ده‌كه‌وێت

ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەگەر پێکهاتەکانی کەرکووک هەڵوێستەکانیان یەک نەخەنەوە، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی دوا دەکەوێت. دەشڵێت: بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک خزمەتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر داهاتووی شارەکە دەبێت.

ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: پێویستە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە زوویی ببەسترێت، داوا لە پێکهاتەکانی دیکە دەکەم لەنێو خۆیاندا هەڵوێستەکانیان یەک بخەنەوە، بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگەین.

ئاماژەی بەوە کرد: ئەگەر پێکهاتەکانی کەرکووک هەڵوێستەکانیان یەکنەخەنەوە، پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی دوا دەکەوێت، ئەمەش لە بەرژوەندیی هیچ کەسێکدا نییە.

ناوبراو گوتیشی: ئێستە بەرژوەندیی هاووڵاتییان، مووچەکانیان، کارگێڕی شارەکە و خزمەتگوازرییەکان هەموویان پەکییان کەوتووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئاسایش و کارگێڕی سیاسیی  کەرکووک دەبێت.

هاوکات داوا لە پێکهاتەکانی کەرکووک دەکات هەموویان لەسەر یەک پرۆژە ڕێکبکەون بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی ئەرێنی لەم پرسە دەرچن.