بەسرە؛ لەبەر میلیشیا حکوومەت کۆنترۆڵی چەکی بێمۆڵەتی پێ ناکرێت
حکوومەتی عێراق لە هەوڵدایە دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا بگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش چەند لیژنەیەکی پێک هێناوە و لە پارێزگای بەسرە هەڵمەتەکە دەستی پێ کردووە. بەڵام بە بۆچوونی هاووڵاتیان حکوومەت ناتوانێت چەکی بێمۆڵەت کۆنترۆڵ بکات؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە یەکەم میلیشیاکان بە کەیفی خۆیان نمایش بە چەکی سووک و مامناوەند و قورس دەکەن، دووەمیش چونکە زیاتر لە 100 هۆز لەو پارێزگایە هەن، تەنیا چەند هۆزێکی کەم پشتیوانیی لەو پرسە دەکەن. سێیەمیش لەبەر ئەوەی لە عێراق یاسا تەنیا بەسەر خەڵکی هەژار دەچەسپێت و ئەم یاسایەش هەروەتر.
لەگەڵ ئەوەی لەسنووری پارێزگای بەسرە بەشێوەیەکی بەرفراوان چەک هەیە، لە هەمانکاتدا هێزە ئەمنییەکان و لیژنەکان هەوڵ و هەڵمەتەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت چڕ کردووەتەوە و هاووڵاتنیش تەنیا بە بوونی مۆڵەتی فەرمی دەتوانێت چەکێکی سوکی هەبێت.
عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی لیژنەی نیشتمانیی بۆ ڕێکخستنی چەک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: لیژنەک هەماهەنگی و هاوکاریی لەگەڵ سەرجەم ناوەندەکانی دیکەدا هەیە و لیژنەکە نوێنەرایەتیی سەرجەم یەکە ئیداریی و ئەمنیی و یاساییەکانی تێدایە، لە دەزگای هەواڵگری و دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی گواستنەوەو گەیاندن و وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری. واتە، لیژنەیەکە نوێنەرایەتییەکی گشتیی ئەمنیی و یاسایی دەکات. کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێنمایی و لە هەمانکاتدا هۆشیاری سەبارەت بە تۆمارکردنی چەک و فرۆشتنی بڵاو دەکاتەوە لە هەروەها یاسا لەسەر ئەو کەسانە پیادە دەکەن کە چەکی بێمۆڵەتییان هەڵگرتووە.
لیوا جاسم محەمەد، گوتەبێژی ڕاگەیاندن لە فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە دەڵێت: ئەم هەڵمەتەمان لە مانگی ئادارەوە دەست پێ کرد، کە بریتییە لە تۆمارکردنی چەکی هاووڵاتییان لە لایەن سەرجەم نووسینگەکان کە لەپارێزگاکان کراونەتەوە جگە لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 600 نووسینگەیە کە لەوێ هاووڵاتییان چەکەکانیان ڕادەست دەکەن و مەبەستمانە سیستەمێکی ئەمنیی ڕێکوپێک لە سەرجەم پارێزگاکاندا هەبێت.
هاووڵاتییان لە توانای هێزە ئەمنییەکان بەگومانن و بەبۆچوونی ئەوان حکوومەت ناتوانێت چەک کۆنترۆڵ بکات بەو پێیەی میلیشیاکان خاوەنی هەموو جۆرە چەکێکی سوک و مامناوەند و قورسن و لە ڕابردووشدا نمایشی سەربازیان پێوە کردووە.
هاووڵاتی ئەحمەد حەسەن، گوتی: بە ڕاشکاوی بڵێم کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن حکوومەت ئاسان نییە، هەمیشە گوێبیستی لێدوان و ڕاگەیێندراوی بەرپرسان لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە بابەتی چەک لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەت دەبین، بەڵام شتێکی نوێمان نەدیووە، چونکە بڕیارەکە تەنیا لەسەر خەڵکی هەژار جێبەجێ دەکرێت، لایەنی جێبەجێکار هەیە باجی چەک هەڵگرتنی بە هەندێک کەس داوە بە شێوەیەکی فەرمی بە چەکەوە لەشوێنە فەرمییەکان دەسوڕێنەوە.
هاووڵاتی سامر سەمیر، گوتی: من پێم وایە لەتوانای حکوومەتدا نییە بتوانێت ئەم پرسە کۆنترۆڵ بکات، چونکە لایەنی سیاسی هەیە زیاتر لە حکوومەت دەستی بە چەک دەگات و زیاتر لە هاووڵاتییان دەستڕاگەیشتنی بە چەک هەیە لەهەمانکاتدا هەموو هۆزەکان کۆک نین لەسەر ئەوەی چەک تەنیا لەدەستی حکوومەتدا بێت؛ بەڵگەش بۆ ئەوە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا هەموو سەرۆک هۆزەکان لە کۆبوونەوەکە بەشدار نەبوون تەنیا دە دوازدەیەک نەبێت لەکاتێکدا سەدان هۆز لە بەسرە هەن.
بڵاوبوونەوەی چەک لە پارێزگایەک کە بە پارێزگای ئابووری و گەشتیاری دادەندرێت ترس و نیگەرانیی لەلای هاووڵاتییانی دروست کردووە. هاووڵاتیان لە بەسرە دەیانەوێت لە ئاشتی و سەقامگیریدا بژین هەر بۆیە خوازیارن لایەنە جێبەجێکارەکانی ئەمنیی لە حکوومەت دەسەڵاتی خۆیان بەسەر لایەنە کاریگەرەکاندا بسەپێنن.