سەعید جردۆ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆر بە ئێزیدییەکان دەکات

سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی
سەعید جردۆ، سەرۆکی بنکەی لالشی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی

سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش ئاماژە بەوە دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاڕەکانی لە خزمەت کۆمەڵگەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستانە، بەشێوەیەک ئەو بڕیارانە برینەکانیان چارە دەکات.

یەکشەممە 4ـی تەممووزی 2024، سەعد جردۆ سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هاوکاریی کردنی ڕزگاربوانی دەستی داعش لەلای سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، هەنگاوێکی پیرۆزە  بۆ چارەسەریی برینی جینۆساید و ئێش و ئازاری ئەو خەڵکەی ئازاریان  لەسەر دەستی داعش بینی، دەڵێت: جگەلە هاوکاریی دارایی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی ئێزیدییەکانی کردووە بەکردنەوەی سەنتەرێکی چارەسەریی دەروونیی کە خەڵکی پسپۆری بۆ دابین کردووە، لەگەڵ دۆزینەوەی هەلی کار و باشترکردنی ژیانیان، دەشڵێت: بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ منداڵانی ئێزیدی کە لە خوێندن دابڕاون لەسەردەمی داعش، بگەڕێنەوە  بەر خوێندن و خوێندنیان تەواو بکەن، هاوکات  لە زانکۆ و پەیمانگاکانیش خەرجی خوێندنیان دەخاتە ئەستۆی خۆی، بەو شێوەیە ئێزیدییەکان بە چاوێکی گەش دەڕواننە ئایندەی خۆیان.

سەعید جردۆ دەڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئامادەکرد بۆ دروستکردنی دادگایەکی هاوبەش کە لە دادوەرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی پێک بێت بۆ ئەوەی کار لەگەڵ تاوانی نێودەوڵەتی بکاەن و کەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان پێش بخەن، حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە کرد، گوتی: ئەگەر ئەو ڕێگرییە نەبووایە، ئێستا کەیسی ئێزیدییەکان لە قۆناغێکی پێشتر دەبوو.

سەعید جردۆ گوتی: تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە هەزار و 500 ئێزیدی دیار نییە، لەکۆی 94 گۆڕی بەکۆمەڵ، تا ئێستا 61 گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە و کەسوکارییان چاوەڕیی ئەنجامی پشکنینی ئەو ڕووفاتانە دەکەن بۆ ئەوەی بە خاکیان بسپێرن، حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە ڕێکخراوی یۆنیتاد کرد کارەکانی خۆی بکات لە کاتێکدا ئەو ڕێکخراوە کاری لێکۆڵینەوەی لە کەیسی ئێزیدییەکان دەکرد.

لە یادی 10 ساڵەی جینۆساییکردنی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا کە دوێنێ 3ـی ئاب بەڕێوەچوو، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: حکوومەتی هەرێم 15 کەمپی دابین کرد بۆ ئەوەی کە 140 هەزار ئاوارەی ئێزدی لەخۆ بگرێت، هەروەها پێداویستییەکانیان بۆ دابین کراوە و دەیان هەزار ئێزدیش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەی ڕزگارکردنی ئیزدییەکانی دامەزراندووە، تاوەکوو ئێستە شەش هەزار کەسی تۆمار کردووە، هەروەها توانیویەتی نزیکەی سێ هەزار و 400 کەس بگەڕێنێتەوە و بە خێزانەکانیان شاد بکەنەوە.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: مانگی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەت بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ئێزدییەکان ڕاگەیاند کەر نزیکەی 3 هەزار ڕزگاربووی دەستی داعش دەگرێتەوە، کە مووچەی مانگانەیان بۆ دابین دەکرێت، حکوومەت پابەندە بە بەدیهێنانی دادپەروەری و بە مامەڵەکردن بە ویژدانەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تاوانیان لەگەڵدا ئەنجام دراوە.