ڕووسیا: فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی بەڕێوەدەچێت

K24 - مۆسکۆ:

لە پارکی مێژوویی (ڕووسیا- دیرۆکمە) لە شاری ئۆمسک، یەکەمجارە فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی بەڕێوەدەچێت.

موسا نەورۆزەڤیچ، سەرۆکی ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی - کولتوری کورد لە هەرێمی ئۆمسکی رووسیا، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی لە ڕۆژی 2ـی ئابەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 16ـی ئاب بەردەوام دەبێت. نەورۆزەڤیچ گوتیشی، بە رێگەی تابلۆ، وێنە و ڤیدیۆ، کولتور و مێژوو و نەریتی نەتەوەیمان بۆ میوانانی فێستیڤاڵ دەخەینەروو، هەروەها دانیشتوان و میوانان لە ئۆمسک بە پرۆسەی هاوسەرگیری کوردان، جلی نەتەوەیی لە چی پێکدێت و ناوی چییە، کورد چ ئامێرێکی میوزیکی نەریتی دەژەنێت، خواردنە نەتەوەییەکانی چییە، ئاشنا دەکەین.

بەشێکی فێستیڤاڵەکە تەرخان کراوە بۆ نیشاندانی مێژووی هاوچەرخی نیشتەجێبوونی کورد لە جیهاندا و کولتوور و دابونەریتی کورد، مێژوویی کورد لە ڕووسیا و هەرێمی ئۆمسک، ناودارانی کورد لەسەر ئاستی رووسیا و جیهان، کورد لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی و جەنگەکانی دیکەدا. 

فێستیڤاڵی ڕۆژانی کولتووری کوردی لە پارکی مێژوویی (ڕووسیا- دیرۆکمە) لە شاری ئۆمسکی ڕووسیا، دەستی پێکردووە و تاوەکو 16ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

0
0
0
0
0
0