ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا گەیشتە تاران

سێرگێی شۆیگۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی، بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە گەیشتە تاران.

ئاژانسی ئیسنای ئێران بڵاوی کردووەتەوە، شاندە باڵاکەی ڕووسیا لەسەر بانگهێشتی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، نوێنەری ڕێبەری باڵا و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی ئێران، بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییە هەمە لایەنەکانی ئێران و ڕووسیا سەردانی تارانیان کردووە.

هەر بە گوتەی ئەحمەدیان، لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ شاندە باڵاکەی ڕووسیا ئاڵۆزییەکان و دۆخی ناوچەکە لەگەڵ پەیوەندییە ئەمنی و سیاسییەکانی هەردوو لایەنە تاوتوێ دەکرێن بەو ئاراستەیەی پەرەی زیاتریان پێ بدرێت.

هەروەها، بڕیارە سێرگێی شۆیگۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆ ببێتەوە.

سەردانەکەی شۆیگۆ بۆ تاران، لە کاتێکدایە کە کەمتر لە هەفتەیەک لە هێرشێکی مووشەکیدا، ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران لە شوێنێکی تەندراو بە پاسەوان، کوژراوە.  ئێرانیش هەم وەک خانەخوێی هەنییە و هەمیش بۆ پێشێلکرانی سەروەریی خاکەکەی، هەڕەشەی توندی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکات و ئەمەریکاش بە پشتیوانیی ئیسرائیل دەزانێت لەو هێرشە مووشەکەی لە تاران کراوە.