سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا: ناوچەکە بەرگەی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر ناگرێت
دووشەممە 5ی ئابی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ستیڤن هیتچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا باس لە دوایین پێشهات و گرژییەکانی ناوچەکە بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کرا، بیروڕا لە بارەی هەنگاوەکانی چارە و هێورکردنەوەی دۆخەکە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە ناوچەکە بەرگەی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر ناگرێت و پێویستی بە سەقامگیری و ئاسایش هەیە.
پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و دەرئەنجامی دوایین سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و باڵیۆز و نێردەی وڵاتان لە عێراق، تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.
هەر لەم دیدارەد،ا بارودۆخی شنگال و پێویستی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال خرانە بەر باس. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی باسی لەو هەوڵ و قوربانیدانە کرد کە لە پێناو ئازادکردنی شنگال و شکاندنی تیرۆریستان دراون، کەچی بەداخەوە ئێستا چەند هێزێکی نایاسایی لەوێن کە ڕێگرن لە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا باس لە دەرئەنجامی دوایین گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا لەمەڕ پرسی بوونیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.