میسر دۆزینه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین تونێلی حەماس لە میحوەری سەڵاحەددین له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌

به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی میسر هه‌واڵێكی سوپای ئیسرائیل له‌ باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی تۆڕێک تونێلی چەکدارانی حەماس لە میحوەری سەڵاحەددین و نزیک لە سنووری میسر کە بەشێکیان بەرزییان سێ مەترە، ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

دووشه‌ممه‌، 5ـی ئابی 2024، به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی میسر كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت، به‌ مێدیای وڵاته‌كه‌ی گوتووه‌، ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سوپای ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ی تۆڕێک تونێلی چەکدارانی حەماس لە میحوەری سەڵاحەددین و نزیک لە سنووری میسر دووره‌ له‌ ڕاستی و بیانوو و پۆزشهێنانه‌وه‌یه‌ بۆ "ئه‌و هه‌ڵاتن و شكسته‌ی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ تێی كه‌وتووه‌."

ئه‌و به‌رپرسه‌ میسرییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، سوپای ئیسرائیل ئامانجی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵكوژیی زیاتری فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بكات.

سوپای ئیسرائیل شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ 4ـی ئابی 2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ "لە چەند مانگی ڕابردوودا، هێزەکانی فیرقەی 162 و هێزەکانی یەهلۆم کە یەکەیەکی تایبەتی ئەندازیارییە و ئەرکیان دۆزینەوە و لەناوبردنی تونێل و ڕێڕەوەکانی ژێر زەوییە، لە تازەترین هەڵمەتدا لە میحوەری سەڵاحەددین، دەیان تونێلی گەورە و فراوانی چەکدارانی حەماسییان دۆزیوەتەوە".

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو "دۆزینەوەی تونێلەکانی ناوچەکە دەستکەوتێکی گەورەی ئۆپراسیۆنە فراوانەکەی کەرتی غەززەیە بە گشتیی و شاری ڕەفەح بە تایبەتی، کە چەکدارانی حەماس بۆ کاری قاچاخچێتی بەکارهێناوە".

هەروا ئاماژەی به‌وه‌ كردووه‌ "هەفتەی ڕابردوو لە ناوچەی سەڵاحەددین و نزیک سنووری میسرەوە، تونێلێکیان دۆزیوەتەوە سێ مەتر بەرزە و دوای پشکنینی تەواوی تونێل و ڕێگەکان، هەر هەموو تونێلەکان دەتەقێنرێنەوە".

میحوەری سەڵاحەددین دەکەوێتە سنووری کەرتی غەززە و کەناری دەریای ناوەڕاست، بە ناوچەی فێلادلفیا ناسراوە و بە درێژی 14 کیلۆمەتر هەر لە باکووری غەززەوە تاوەکوو دەروازەی کەرەم ئەبو سالم، لە باشووری کەرتەکە و سەر سنووری میسر درێژ دەبێتەوە، بە گوێرەی پەیماننامەی ئاشتی 1979 بە ناوچەیەکی دابڕێندراو دادەنرێت، هەروەها سوپای ئیسرائیل لە 2005 وەک بەشێک لە پلانی دابڕاندنی کەرتی غەززە هەموو سەربازەکانی لەو ناوچەیە کشاندەوە.