وەزارەتی پەروەردە: کتێبی نوێی قوتابخانەکان هاوڕێی قوتابییانن
بۆ ساڵی نوێی خوێندن نزیکەی 20 ملیۆن کتێبی نوێ چاپ کراوە. بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، پسپۆڕانی بواری پەروەردە لە ئیمارات سەرسامیی خۆیان بە دیزاین و ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکان دەربڕیوە.
زیاتر لە 24 ملیار دینار بۆ چاپکردنی کتێبی نوێ خەرج کراوە
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025)، بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.
سەرجەم کتێبەکان لە ئیمارات چاپ کراون، سەدا 75ـیان گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە تاوەکوو 15-08-2024 هەمووان بگەن. ئەوانەی گەیشتوون، بەسەر قوتابخانەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووکدا دابەش کراون.
57 کتێب بە ناوەڕۆک و دیزاینی نوێوە ئامادە کراون
سێشەممە، 06-08-2024، حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی گوت:57 کتێب بە دیزاین و ناوەڕۆکی نوێیەوە ئامادە و چاپکراون و دەخرێنە بەردەستی قوتابی و مامۆستایانمان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە باسی لەوە کرد "شێوازی نوێی دیجیتاڵی لە ئامادەکردن و چاپکردنی کتێبەکان بەکار هێنراوە. بۆیە، کاتێک پسۆڕانی پەروەردەیی لە ئیمارات، کتێبی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانیان بینیوە دەستخۆشییان لێمان کرد و ستایشی جوانیی دیزاین و ناوەڕۆکی کتێبەکانمانیان دەکرد.
حەسەن سەرتیپ، گوتی: لەوەتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، هیچ کاتێک هێندەی ئەمساڵ کتێبی نوێ ئامادە نەکراوە و سەرجەمیان لەلایەن کادیرانی ناوخۆیەوە ئامادە کراون.
کۆدی QR لەسەر کتێبە نوێیەکان دانراوە
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی گوتی: کتێبی نوێمان کردووەتە هاوڕێی منداڵ، پێشتر منداڵان حەزیان لە کتێب نەبوو، بەڵام ئێستا بە شێوەیەک ئامادەمان کردوون، قوتابییان حەزیان لە کتێب و خوێندن دەبێت؛ بۆ نموونە کۆدی QR لەسەر کتێبەکانمان داناوە، ئەگەر قوتابی لە وانەیەکیش ئامادە نەبوو، دەتوانێت لە ماڵ بە بەکارهێنانی مۆبایلی دایکی یان باوکی، دووبارە گوێ لە وانەکە بگرێتەوە.
حەسەن سەرتیپ لەبارەی گۆڕانەکان، هەردوو وانەی کوردی و بیرکاری بە نموونە هێنایەوە و گوتی: ئەو شیعرانەی لە ئەدەبی کوردیدا هەبوون، هەمووی کراونەتە گۆرانی، قوتابی بە بەکارهێنانی کۆدی QR دەتوانێت گوێیان لێ بگرێت؛ بەم شێوەیەش حەزی زیاتری بۆ خوێندن دەبێت. لە وانەی بیرکاریش، شێوازی فێرکردنی ژمارە و هاوکێشەکانمان گۆڕیوە و ئاسانتر کردووە.
"سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دۆستی خوێندنە"
یەکێک لە کارە پێشینەکانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بووە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان.
وەکو ئەوەی حەسەن سەرتیپ باسی کرد: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆستی خوێندن و قوتابخانەیە و ئەم بابەتەی لە پێشەوەی هەموو کارەکانی دیکە داناوە؛ بۆ نموونە، لەم بارودۆخە سەختەدا، سوور بوو لەسەر ئەوەی پێویستە کتێبی نوێ چاپ بکرێن و زیاتر لە 24 ملیار دیناری بۆ ئەم مەبەستە خەرج کرد.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، ناوەرۆک و دیزاینی 407 کتێبمان گۆڕیوە بە هەموو زمانەکانەوە (کوردیی "سۆرانی و بادینی"، عەرەبی، ئینگلیزی و سریانی)".