ئەمشەو ئاوی ئیفرازی سێ دەگاتەوە هەولێر

پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر
پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەمشەو کاتژمێر دووی بەرەبەیان، ئاو لە تۆڕی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ  دەگاتەوە سەنتەری شاری هەولێر.

سێشەممە 6ـی ئابی 2024، ڕابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر  تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کارەکانی بەیەک بەستنەوەی هێلەکانی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ نزیکبوەتەوە لە کۆتایی و بە تەواوەتی بە گوێرەی ئەم پلانانەی دامان نابوو بەڕێوە چووە، گوتی: بریارە ئەمشەو لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانەوە جارێکی دیکە ئاو بگەیەندرێتەوە ئەمبارەکانی ئاوی ئیفراز و  بدابەشی گەڕەکەکانی شاری هەولێر بکرێتەوە.

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر  ڕایگەیاند: لە ماوەی نزیکەی چوار کاتژمێردا، 70 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕێگەی هێلەکانی ئاوی ئیفرازەوە دەخرێتەوە ناو ئەمبارەکان و دەست بە دابەشکردنی ئاسایی ئاو دەکرێتەوە لەگەڕەکەکان، بۆ ئاسایی بونەوەی بارودۆخی تەواوی گەرڕەکەکان، پێشبینی دەکەن بە دوو رڕۆژ بکەوێتەوە باری ئاسایی خۆی، هەر بۆیە داواکارن هاووڵاتیان لە کاتی گەڕانەوەی ئاو بۆناو تۆڕەکان بە شێوەی پێویست بەکاری بهێنن تاوەکوو بە زوترین کات ئاو بگاتەوە زۆرترین ماڵ و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.

پرۆژەی ئاوی ئیفراز نزیکەی 30٪ ی ئاوی هەولێر دابین دەکات، بە هۆکاری نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە هێلەکانی، پەمپێکی سەرەکی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ ماوەی 34 کاتژمێر ناردنی ئاو لە پرۆژەکە وەستێندرا ، بە چاککردنەوەی پەمپمە سەرەکیەی پرۆژەکە ٪20 ی ئاو لە پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ زیاد دەکات و کە  60 هەزار مەتر سێجا ئاو لە رێژەی ئاوی شاری هەولێر لەڕۆژێکدا زیاد دەکات، بەمەش کێشەی کەم ئاوی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شاری هەولێر چارەسەر دەکات.