شینۆ میستوکو: نابێت ڕێگەبدرێت ئەوەی داعش بەسەر ئێزیدییەکانی هێنا دووبارەببێتەوە

شینۆ میستوکو، جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایش
شینۆ میستوکو، جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایش

جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دانیشتنی ئەنجوومەن ڕایگەیاند، نابێت جیهان ئەوەی لەبیربچێت داعش پێش 10 ساڵ چی بەسەر ئێزیدییەکان هێنا.

شینۆ میستوکو، جێگری باڵیۆزی ژاپۆن لە ئەنجوومەنی ئاسایش، جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە ئەوانەی توندوتیژیان بەرامبەر ئێزیدییەکان بەکارهێنا بەدادپەروەری بگەیەندرێن و ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی ئەزموونی هاوشێوەی بگیرێت.

ئەو جێگرە دەڵێ، "پێویستە ڕێگری لە گروپە چەکدارە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە بکرێت لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا. چونکە مەترسی تەواویان بۆسەر کۆمەڵگەکان هەیە".

شینۆ میستوکو دەشڵێت: "نابێت ئەنجوومەنی ئاسایشی توندوتیژی داعش دژی ئێزیدییەکان لەبیربکات، پێویستە ئەوانەی وایان بەسەر ئێزیدییەکان هێنا بە دادپەروەری بگەیەندرێت. نابێت بەهیچ شێوەیەک ڕێگەبدرێت ئەوەی داعش بەسەر ئێزیدییەکان هێنای 10 ساڵ لەمەوبەر لەهیچ شوێنێکی دنیا دووبارەببێتەوە".

ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش هێرشی کردە سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێدایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.

 هەر بە پێی ئامارەکان، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا،‌ سێ ھەزار و 576 کەسیان ڕزگارکراون و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ڕفێندراوی دیکەیش ھێشتا بزرن و چارەنووسیان نادیارە.

تاوەکو ئێستە زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.