پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا ناسنامەی کەشتییەکی سیخوڕیی ڕووسی لە ئاوەکانی نزیک ئالاسکا ئاشکرا دەکات

پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ شەممە10ـی ئابی 2024، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کەشتییەکی سیخوڕی هێزی دەریایی ڕووسیای لە باشووری دوورگەکانی ئەلیوتیان لە کەناراوەکانی ئالاسکا بینیوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لەکاتی دەوریەی دوورگەکانی ئەلیوتیان، تیمی کەشتییەکەی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا "ئەلێکس هایلی" کەشتییەکی ڕووسییان بە دووری 30 میل دەریایی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕێگەی ئامۆکتا لە ئالاسکا بینیوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، کەشتییە ڕووسییەکە بە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا تێدەپەڕی، بەڵام لە چوارچێوەی ناوچەی ئابووریی تایبەتی ئەمەریکادا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "ئەلێکس هایلی" پەیوەندی لەگەڵ کەشتییە ڕووسییەکەدا نەبووە و "لەکاتی پەڕینەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بەدوایدا ڕۆیشتووە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا ناسنامەی کەشتییە ڕووسییەکەیان بە "جۆری ڤیشنیا" ناساندووە، کە ناوێکی ڕۆژئاوایە بۆ کەشتییەکانی سیخوڕی مامناوەندیی ڕووسی لە پڕۆژەی 864 'مێریدیان'."

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، چاودێری و ڕێگرییان لە چوار فڕۆکەی ڕووسی و چینی کردووە لە نزیک ئالاسکا.