ئارام نەجمەدین: تیروپشکی هەڵبژاردن بۆ ناساندنی کاندیدەکان و لایەن سیاسییەکان بەڕێوە چوو

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ههولێری كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكان و پسپۆڕی ههڵبژاردن ڕایگەیاند، تیروپشکی دیاری کردنی ژمارەی کاندید و قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردن پەرلەمان کرا و تیروپشکەکە بۆ ناساندنی کاندیدەکان و لایەن سیاسییەکانە بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ خۆیان بکەن.
شەممە، 10ـی ئابی 2024، ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ههولێری كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكان و پسپۆڕی ههڵبژاردن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تیروپشکەکەی ئەمڕۆی کۆمیسیۆن ناساندنە بە ژمارە، بۆ هەموو هاوپەیمانییەتییەکان و پارتە سیاسییەکان، یاخود کاندیدی تاک کە بەشداریی لەم هەڵبژاردنە دەکات، بە جیا لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
ئەو بەڕیوەبەرە دەڵێت: ئەم تیروپشکە بۆ ناساندنی کاندیدەکان و لایەن سیاسییەکانە بۆ ئەوەی بانگەشە بۆ خۆیان بکەن، هەروەها بۆ ئەوەشە کە ئاراستەی دەنگدەرانیان بکەن، بۆ ئەوەی دەنگ بداتە ئەو لیستەی دەیەوێت و بووتە خاوەنی ئەم ژمارەیە.
دەشڵێت: سێ بابەتی گرنگ هەن کە لە دیزاینی کارتی دەنگدان لەبەرچاو دەگیرێن، یەکیان ناوی پارتە سیاسییەکەیە یاخود ناوی هاوپەیمانییەکەیە یان ناوی کاندیدەکەیە، دووەمیان لۆگۆیە، سێیەمیشیان ژمارەکەیە. ئەو ژمارەی ئێستە لە ڕێگەی تیروپشکەوە بۆ پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکان دەردەچێت.
ئارام نەجمەدین گوتی: گرنگە ئەم پرۆسەیە بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشدار بن، لەگەڵ نوێنەری دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ڕوون بەشێوەیەکی شەفاف پارتە سیاسییەکان و دەنگدەران بزانن کامە ژمارەیان بەردەکەوێت.
باسی لەوەش کرد، لە ماوەکانی ڕابردوو کۆمەڵێک پارت و لایەنی سیاسیی داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ مەبەستی بەشداریی لە هەڵبژاردن، دوای وردبینیی، دەرکەوت کۆمەڵێک پارت شیاوی ئەوە نین کە بەشداریی ئەم پرۆسیە بکەن. ئەم بابەتێکی گرنگ بوو، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقی گفتوگۆی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی کردووە، بەشیوەیەک دەڵێت "هەندێک پارت و لایەن هەن، ئەو مەرجانەیان تێدا نییە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بکەن".
ئەوەشی خستە ڕوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیش لە ڕێگەی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکانەوە سکاڵای پێشکەشی دەستەی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد بۆ هەڵبژاردنەکان، دوای وردبینییەکی تەواو سێ لایەنە سەرەکییەکە کە خۆیان بە حزبی سیاسی دادەنا لەناو پرۆسەکە و داواکارییان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردبوو بۆ هەڵبژاردن، ئەوانە دوور خرانەوە. ئەوەش بڕیارێکی گرنگ بوو، دوای دوورخستنەوەی ئەو پارتانەی کە شیاو نەبێت و مەرجەکانی تێدا نەبێت، ئەوانی دیکە پەسەند دەکرێت. کە پەسەند کرا قۆناغی تیروپشک دەکرێت.
ئەوەش دەڵێت: دوای ماوەیەکی دیکە دەچینە ناو قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی عێراقیش هەندێک پەیڕەو دەردەکات. یەکێک لەو پەیڕەوانە ئەوەیە کە بە چ سیستەمێک کورسییەکانی هەر پارتێکی سیاسیی بەگوێرەی دەنگەکانی خۆی، ئەم دەنگانە دەگۆڕنەوە بۆ کورسی پەرلەمانی.. ئەمە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە. بە هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی کاتێک هەرێمی کوردستانی کردە چوار بازنە، هەندێک ماددەی هەڵوەشاندەوە، هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 36ـی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وای کرد کێشەیەک دروست ببێت.
هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە کە سیستەمی "هێر" هەمان ئەو سیستەمەیە کە لە ڕابردوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکار هاتووە، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە کە بە چەند هاوکێشەیەک ئەو دەنگانە بۆ کورسی دەگۆڕنەوە. ئەوەی لەبەر دەستی مندایە بەسێ هاوکێشە ئەو گۆڕینە دەکرێت؛ لە ئەنجامدا، هەموو هاوکێشەکان یەک ئەنجام دەدەن بە دەستەوە.
دەشڵێت: "هێر" وەکو ناو لە یاسای پەرلەمان نەهاتووە و تەنیا پێشتر کاری لەسەر کراوە.
ئاماژەی بەوەش دا: جیاوازیی هاوكێشەکەش بیرکارییە، یەکێکیش لە هاوکێشەکان کۆی هەموو دەنگەکانی پارتە سیاسییەکان کۆ دەکرێتەوە، دابەشی ژمارەی هەر بازنەیەک دەکرێت، ئینجا تێکڕای هەڵبژاردن وەردەگیرێت، بەڵام هاوکێشەی دووەم ڕاستەوخۆ کورسیی پارتە سیاسییەکان دەردەکرێت، بۆ نموونە ژمارەی کورسییەکانی هەر بازنەیەک لە ژمارەی دەنگەکانی قەوارەی ئەو پارتە سیاسییە دەدرێت و دابەشی کۆی پارتە سیاسییەکانی ئەو بازنەیە دەکرێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەکانی عێراق لە هەولێر، تیروپشکی بۆ پێدانی ژماره به هاوپهیمانێتی، پارت و كاندیدهكان بۆ ههڵبژاردنی خولی شەشەمی پهرلهمانی كوردستان کرد. بەپێی تیروپشکەکە، ژمارەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکە، 190 دەبێت.
ئەم تیروپشکەکە تەواوکەری تیروپشکەکەی ڕابردوو بوو، پێشتر کۆمیسیۆن تیروپشکێکی کردبوو و 69 ژمارەی بە کورسیی گشتیی پەرلەمانی کوردستان دابوو، بەڵام دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری دا بە پێدانی پێنج کورسیی بە کۆتا، ئەمڕۆ ژمارە بە پێنج کورسییەکەی کۆتاش درا. هەروەها ژمارە بەو کاندیدە سەربەخۆوانە درا کە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، خۆیان کاندید کردووە.
بە گوێرەی ڕێساکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەر لیستێکی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەتوانێت دوو هێندەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک کاندیدی بۆ هەڵبژاردنەکە هەبێت و پارتیش بۆ ئەم هەڵبژاردنە 190 کاندیدی هەیە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.
دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: 32 کورسی
2. سلێمانی: 36 کورسی
3. دهۆک: 24 کورسی
4. هەڵەبجە: سێ کورسی
(کۆی گشتی: 95 کورسی)
دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:
1. هەولێر: دوو کورسی
2. سلێمانی: دوو کورسی
3. دهۆک: یەک کورسی
4. هەڵەبجە: سفر کورسی
(کۆی گشتی: 5 کورسی)