عێراق.. کار لەسەر بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەکرێت

K24 – بەغدا:
لە پەرلەمانی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکرێت جارێکی دیکە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو هەموار بکرێتەوە، بەشێوەیەک کە تەمەنی خانەنشینکردن لە 60 ساڵەوە بەرز بکرێتەوە بۆ 63 ساڵ، بۆ ئەو مەبەستە نزیکەی 90 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوای هەموارکردنەکە دەکەن.
بەشێک لە خانەنشینان هەستی دڵخۆشیان تێدا دروستبوو کاتێک بیستیان هەوڵ دەدرێت تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵییەوە بۆ 63 ساڵی بەرزبکرێتەوە، ئەم هەواڵە ڕەنگە وەک هەورە بروسکە ئەو گەنجانەی وشک کردبێت کە بەدوای کار دەگەڕێن، هەرلەبەر ئەمە دژایەتی یاسای خانەنشینی دەکەن چونکە هەلی کار بەگەنجان نادات لە کەرتی حکوومیدا.
بەشێک لە هاووڵاتییان بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند: دەیانەوێت تەمەنی خانەنشینی 60 ساڵ یاخود کەمتر لە 60 ساڵ بێت، تا دەرفەت بە فەرمانبەرانی گەنج بدرێت لە کەرتی حکوومیدا کاربکەن. واتە بە تێروانینێکی دیکە کەسێک تەمەنی 20 ساڵ بێت و تا 60 ساڵی کار بکات، دواتر دەتوانێت ئەو تەمەنەی ماویەتی بۆ خێزانەکەی تەرخانی بکات.
هاوکات گوتیان: هەندێ لە فەرمانبەران ویستی ئەوەیان هەیە لەماوەی دیاریکراوی خۆی زیاتر لە پێگە و کارەکانیان بمێننەوە، بەڵام پێویستە هەلی نوێ بدرێت بە کەسانی دیکە و وادەی خانەنشینی درێژ نەکرێتەوە.
90 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووەتەوە و داوای هەموارکردنەکە دەکەن، بەڵام بەشێکیشیان پێش ئەوەی هەمواری یاسای زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە دژی بوون، چونکە وەک خۆیان دەڵێن: دەبێتەی هۆی دروستبوونی قورسایی زیاتر لەسەر بودجەی دەوڵەت.