هه‌رێمی كوردستان ئارامترین شوێنی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانە

هه‌رێمی كوردستان به ئارامترین شوێنی پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت و له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا كاتێك پێكهاته‌كان رووبه‌ڕووی زۆرترین قوربانی و گوشار بوونه‌وه، هه‌ر له هه‌رێمی كوردستان گیرسانه‌وه.
له‌پێناو ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و زیاتر پاراستنی مافه‌كانیان و دووباره ڕێكخستنه‌وه‌یان به گوێره‌ی یاسا، هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه له گوتاری ڕق و كینه و لێكترازان و تێنه‌په‌ڕاندنی سنووری پێكهاته‌ی به‌رانبه‌ر، په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی ده‌ركرد كه تیایدا ناو، شوناس و ئایینی پێكهاته و كۆمه‌ڵه ئایین و ئایینزاكانی هه‌رێمی كوردستانی دیاری كردووه. بۆ ئه‌مه‌ش، یاسای ژماره (5)ی ساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له كوردستان ـ عێراق، ده‌ركرا، كه له 9 مادده و ژماره‌یه‌ك بڕگه پێك هاتووه.
لە یاساكه‌دا هاتووه، پێكهاته‌كان، كۆمه‌ڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی (توركمان، كلدانی، سریانی، ئاشووری و ئه‌رمه‌ن) و كۆمه‌ڵه ئایین و ئایینزاكانی (كریستیان، ئێزدی، سابیئه‌ی مه‌ندائی، كاكه‌یی، شه‌به‌ك، فه‌یلی و زه‌رده‌شتی) كه هاووڵاتیی كوردستانی عێراقن ده‌گرێته‌وه.
هه‌روه‌ها، حكوومه‌ت مافی یه‌كسانی و هاوده‌رفه‌تی له ژیانی سیاسی، ڕۆشنبیری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی له ڕێگه‌ی یاسا و سیاسه‌تی كاریگه‌ر بۆ ئه‌و تاكه‌ی سه‌ر به پێكهاته‌یه‌كه مسۆگه‌ر ده‌كات، له‌گه‌ڵ قه‌ده‌غه‌كردنی جیاكاری دژی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك له پێكهاته‌كان و سه‌رپێچیكار به‌پێی یاسا سزا ده‌درێت.
له یاساكه‌دا هاتووه، قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌كی ئایینی، یان سیاسی، یان ڕاگه‌یاندن به تاك یان به كۆمه‌ڵ، بۆ ڕق و کینه یان توندوتیژیی، یان تۆقاندن، له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنی، ئایینی یان زمانه‌وانی بینا كرابێت.
هه‌روه‌ها ڕێگه‌گرتن له‌هه‌ر ڕه‌فتارێك یان سیاسه‌تێكی نه‌رێنی ببێته هۆی گۆڕینی بارودۆخی ڕه‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه‌ی پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراوی تیادا نیشته‌جێن، ڕێگه‌گرتن له گۆڕانی دیمۆگرافی.
له مادده‌یه‌كی دیكه‌ی یاساكه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه، حكوومه‌ت پابه‌ند ده‌بێت به پارێزگاریی له زمانی دایك، له ڕێگه‌ی مسۆگه‌ركردنی فێربوونیان، ڕۆشنبیر بوون و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی تایبه‌ت به خۆیان.
له یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كاندا هاتووه: هه‌ر تاكێك مافی هه‌یه ناسنامه‌ی ئایینی خۆی ئاشكرا بكات، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بپارێزێت، هیچ لایه‌نێك مافی نییه لێی بسه‌نێته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بۆی هه‌یه به یه‌كسانی له‌گه‌ڵ زۆرینه ماف و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی به بیروڕای ئایینییه‌وه پیاده بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێكهاته‌كان مافی پشووی تایبه‌ت به‌خۆیان له بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان هه‌یه و پشووه‌كانیشیان فه‌رمیی ده‌بن.
هه‌ر تایبه‌ت به مسۆگه‌ركردنی مافی پێكهاته‌كان، پێكهاته‌كان مافی به‌شدارییان له ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنی هه‌رێم به‌پێی یاسا به‌ركاره‌كان هه‌یه. به‌تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی چڕیی دانیشتوان پێك ده‌هێنن، مافی به‌شدارییان له به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگا حكوومەتی و ئیدارییه‌كان هه‌یه.