بە چوار ملیار دینار پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە جێبەجێ دەکرێت

پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە
پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە

پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، پرۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لەڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە بە چوار ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

دووشەممە 12ـی ئابی 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، لە چوار چێوەی کارەکانی چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو، بە چوار ملیار دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو لە ڕێگەی هەولێر- شەقڵاوە و دەوروبەری شەقامی خێرایی 150 مەتری دەستی پێکرا.

ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگا ئاماژە بەوە دەکات، کارەکانی پڕۆژەکە بریتیە لە دروستکردنی ئاوەڕۆی سەندوقی 3 × 3 مەتری لەسەر شەقامی سەرەکی هەولێر - شەقڵاوە تا دەگاتە شەقامی خێرای 150مەتری بە درێژایی زیاتر لە سێ کیلۆمەتر و دروستکردنی ئاوبەری سەندوقی دوو چاووە 2.5 × 2.5 مەتری بە درێژی 60 مەتر لە سەر شەقامی خێرای 150 مەتری، پڕۆژەکە بەشێوەی بەڵێندەرایەتی لەلایەن کۆمپانیای "هێمن گروپ"ەوە جێبەجێ دەکرێت و پێش وەرزی باران بارین دەبێت بە کۆتابێت.

یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، ئاگاداری شوفێران دەکەینەوە  کاری بڕین لە دوو سایدی ڕێگەی هەولێر پیرمام دەکرێت، بە مەبەستی درووست کردنی ئاوەڕۆیەکی سندووقی بۆ گواستنەوەی ئاوی باران و کۆنەبونەوەی ئاو لەسەر ئەم ڕێگەیە لەوەرزی زستاندا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی بڕین و هەڵکۆڵینی شەقامەکە، ڕێڕەوێکی ڕێگەکە دەگیرێت و بەر تەسک دەبێتەوە، ئەگەری درووست بونی قەرەباڵغیی هاتووچۆی هەیە، بەتایبەتی لە بەیانیان، بۆیە ئەو شوفێرانەی لە ڕێگەی پیرمام بەرەو هەولێر دێن دەتوانن شەقامی ‌‌‌150مەتری خێرا وەک ڕێگەی جێگرەوە بۆ هاتنە ناو هەولێر بەکار بهێنن.