ڕەشنووسی ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ 10 ساڵی داهاتوو ئامادە کرا
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ماستەر پلان بۆ 10 ساڵی داهاتوو ئامادە دەکەن، سەرەتاش بە ڕەشنووسەکە دەست پێ دەکەن.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتی کارەبا، ڕەشنووسی ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ ماوەی 10ساڵی داهاتوو 2023-2032، لەلایەن یاسین حەسەن بەڕێوەبەری پلان و لێکۆڵینەوەو تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانان خرایە ڕوو، دوای خستنە ڕووی ڕەشنووسی ماستەر پلانەکەش، شارەزایانی وەزارەتەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرد.
بۆ یەکەمجارە ڕەشنووسی ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبا لە لایەن ستافێکی ئەندازیاری ناخۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانان بۆ ماوەی 10 ساڵی داهاتوو نوێ کراوەتەوە، تێیدا شێوازی باشترکردنی سێکتەری کارەبا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا بە هاوبەشانی خراوەتەڕوو.
لە ڕەشنووسی ماستەر پلانەکەدا، لیستێک لەو پرۆژانەی پێویستە لە کەرتی کارەبا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو جێبەجێ بکرێن، ڕیزبەند کراون، وەک وێستگە و راکێشانی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و چەندین پرۆژەی دیکەی کارەبا، هەروەها گرفت و ئاستەنگ و پلان و ڕێگا چارەسەرەکانیشی خرایەڕوو.