سوننه‌كان گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ڕاده‌گه‌یه‌نن
سوننه‌كانی عێراق گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ڕاده‌گه‌یه‌نن كه زیاتر له 50 په‌رله‌مان له خۆ ده‌گرێت؛ ده‌شڵێن، ڕێك كه‌وتوون له‌سه‌ر کاندیدکردنی کاندیدێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی په‌رله‌مان.
سێشه‌ممه، 13ـی ئابی 2024، هه‌ر یه‌ك له حزبی ته‌قه‌دوم، حزبی جه‌ماهیری نیشتمانی، هاوپه‌یمانی حه‌سمی نیشتمانی، فراكسیۆنی سه‌داره، پرۆژه‌ی نیشتمانی عێراقی و فراكسیۆنی ده‌ستپێشخه‌ری ڕاگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاو كرده‌وه و تێیدا ئاماژه به پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن كه له 55 په‌رله‌مانتار پێك هاتووه.
هه‌ر یه‌ك له‌و لایه‌ن و هاوپه‌یمانی و فراكسیۆنانه له ڕاگه‌یه‌ندراوه هاوبه‌شه‌كه‌یاندا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته روو، ڕێك كه‌وتوون له‌سه‌ر کاندیدکردنی کاندیدێکی نوێ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی په‌رله‌مان و پێشکەشکردنی بە فراكسیۆنه سیاسییەكان بۆ پشتیوانیکردنی و به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان.
ڕۆژی سێشه‌ممه، 13ـی ئابی 2024، بڵاو كرایه‌وه، هه‌ردوو هاوپه‌یمانی عه‌زم و سیاده وه‌كوو دوو هاوپه‌یمانی پێكهاته‌ی سوننه‌كانی عێراق، پشتگیری له كاندیداكردنی مه‌حموود مه‌شهه‌دانی ده‌كه‌ن بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی مشتومڕه‌كانی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق.
سێشه‌ممه، 6ـی ئابی 2024، هه‌ر یه‌ك له هاوپه‌یمانی سیاده، هاوپه‌یمانی عه‌زم، په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی عه‌قد و سه‌ربه‌خۆكان نووسراوێكی هاوبه‌شیان ئاراسته‌ی هێزه سیاسییه‌كان و سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كرد و تێیدا ئاماژه‌یان به‌وه كرد، له به‌رئه‌نجامی دیداره‌كه‌ی ڕۆژی 5ـی ئابی 2024، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و دوای ڕاوێژ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی سوننه و گفتوگۆی ئه‌م پرسه، بڕیاریان داوه له سۆنگه‌ی ڕێزگرتن له چوارچێوه‌ی یاسایی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و بڕیاره‌كانی دادگه‌ی فیدراڵی، ناوی كاندیدایانی پێشوو بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه.
هه‌روه‌ها له نووسراوه‌كه‌دا باسیان له‌وه كردبوو، په‌رله‌مانتاران سه‌رپشك كراون له هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك كه به بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به شیاوی ده‌زانن.
له به‌شێكی دیكه‌ی نووسراوه‌كه‌دا هاتبوو، كه هه‌ر یه‌ك له هاوپه‌یمانی عه‌زم، په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی عه‌قد و سه‌ربه‌خۆكان جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی ڕێزگرتن له بژارده‌ی پێكهاته‌كان و پاراستنی نه‌ریته سیاسی و ده‌ستوورییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه، كه پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقی نوێی له‌سه‌ر بونیات نراوه، به‌تایبه‌ت بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوسه‌نگییه سیاسییه‌كان نه‌خاسمه كه له‌م دۆخه‌دا وڵات پێویستی پێیه‌تی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه هه‌نووكه‌ییه‌كان كه هه‌مووان ده‌خاته به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی نیشتمانی و مێژوویی و پاراستنی ده‌ستكه‌وته دیموكراسییه‌كان.
هاوپه‌یمانی عه‌زم، په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی عه‌قد و سه‌ربه‌خۆكان هه‌روه‌ها به پێویستییان زانی بوو له چوارچێوه‌ی كۆنتێكستی یاسایی و پابه‌ندبوون به نه‌ریته‌كانی پێشوو بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكه‌كانی په‌رله‌مان له خوله‌كانی پێشوو، هه‌نگاو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنێكی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بنرێت.
ڕۆژی 18ـی ئایاری 2024، به ئاماده‌بوونی 258 په‌رله‌مانتار گه‌ڕی یه‌كه‌می دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەستی پێ کرد و دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان هیچ کام لە کاندیدەکان 167 دەنگی نەهێنا، دواتر گه‌ڕی دووەمی پرۆسه‌كه له نێوان مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ده‌ستی پێ كرد و سالم عیساوی 114 و مه‌حموود مه‌شهه‌دانی 102 ده‌نگیان به‌ده‌ست هێنا.
پاشان پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق چووه گه‌ڕی سێیه‌م و ده‌نگه‌كان به‌م شێوه‌یه بوو:
كۆی ده‌نگه‌كان: 311
سالم عیساوی: 158 ده‌نگی به ده‌ست هێنا
مه‌حموود مه‌شهه‌دانی: 137 ده‌نگی به ده‌ست هێنا
عامر عه‌بدولجه‌بار: 3 ده‌نگی به ده‌ست هێنا
ته‌ڵاڵ زه‌وبه‌عی: هیچ ده‌نگێكی به‌ده‌ست نه‌هێنا
ده‌نگی پوچه‌ڵ: 13
دواتر موحسین مه‌نده‌لاوی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند، پشوێك ده‌ده‌ن، دواتر ڕایده‌گه‌یه‌نین، ده‌چنه گه‌ڕێكی دیكه‌ی ده‌نگدان یاخوود دانیشتنه‌كه كۆتایی پێ ده‌هێنین.
رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.
لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نیشاندا و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.