نزیکەی 12 هەزار سەربازی ئۆکرانیا دزەیان کردووەتە نێو ڕووسیا

فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ڕووسیا ئاشکرای کرد، نزیکەی 12 هەزار سەربازی سوپای ئۆکرانیا لە سنووری هەرێمی کۆرسک پەڕیونەتەوە خاکی ڕووسیا کە ژمارەیەکی زۆریان چەکدارانی بیانیین و زۆربەشیان کوژراون.
بە گوتەی جەنەراڵ ئاپتی ئالادینۆڤ, کە بۆ ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیکی ڕووسی قسەی کردووە "دڵنیان ئەو چەکدارانەی دزەیان کردووەتە هەرێمی کۆرسک نزیکەی 12 هەزار چەکدار بوون، هەر هەموویان پاشماوەی یەکە چەکدارییەکانی بەرەکانی شەڕ بوون و یەکیان گرتووە بۆ هێرشکردنە خاکی ڕووسیا و بپەڕنەوە هەرێمی کۆرسک".
فەرماندە ڕووسییەکە ئاماژەی داوە "لە نێو چەکدارەکاندا خەڵکانی بیانی هەن و لە هەموو بەرەکانی شەڕ گوێ بیستی قسەکردن بە زمانەکانی پۆڵەندی، ئینگلیزی و فەرەنسی بوون، هەروەها خەڵکانی ڕەشپێست لە نێو شەڕکەرەکاندا هەن، بەڵام توانراوە شکست بە هێرشەکەیان بهێنرێت زۆرینەی چەکدارەکان بکوژن".
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئێوارەی چوارشەممە 14ی ئابی 2024 ڕایگەیاند: هێزەکانیان توانیویانە بەر لە هێرشی یەکە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بۆ چوونە نێو سنووری هەرێمی کورسک بگرن و هێرشەکە تێکشکێنن.
هەر بە گوێرە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە سنووری کۆرسک توانراوە 18 سەربازی ئۆکرانیا بە دیل بگرن و کۆی زیانەکانی ئۆکرانیا، کوژرانی دوو هەزار و 300 سەرباز و تێکشکاندنی 37 تانک و 32 زریپۆش بووە.
هەروەها مێدیا ئەورووپییەکان بڵاوین کردووەتەوە "بە گوێرە زانیاریی و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، لە سنووری کۆرسک هێزەکانی ئۆکرانیا سەرەڕای زیانێکی زۆر، بەڵام هێشتا لە چەند خاڵێکەوە توانای پێشڕەویان هەیە و چەند گوندێکیشیان کۆنترۆڵ کردووە".
هەر بەهۆی پەڕینەوە جەنگ بۆ نێو خاکی ڕووسیا پارێزگاری بێلگورۆد، ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ، لە دوێنێ چوارشەممەوە دۆخی نائاسایی لە سنووری پارێزگاکە ڕاگەیاندووە و ئاشکراشی کردووە: ماوەیەکە بارودۆخی بێلگورۆد بەهۆی تۆپبارانی چەکدارەکانی ئۆکرانیا زۆر ئاڵۆز و دژوار بووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و چەند خانووێکیش وێران بوون.