عێراق و تورکیا یاداشتێکی لێک تێگەیشتنیان لە بواری ئەمنی و سەربازی ئیمزا کرد

K24 – هەولێر:
لە ئەنقەرە، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا یاداشتانەی لێک تێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارەکانی سەربازی، ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئیمزا کرد.
دوای ئەوەی دوێنێ 14ـی ئابی 2024، شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە بە یاوەریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەریمی کوردستان و وەزیری بەرگریی عێراق و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی گەیشتنە ئەنقەرە و ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەزیری بەرگری و بەرپرسانی باڵای دیکە ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.
دوای چوارەمین کۆبوونەوەی میکانیزمی باڵای ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا یاداشتنامەیەکی لێک تێگەیشتنی هاوبەش لە بواری ئەمنی، سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئیمزا کرا و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیشدا، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، سەربازگەی باشیك دەبێتە سەربازگەیەکی مەشقپێکردنی هێزهكانی عێراق.
لەلایەن خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند: "دڵخۆشین بەوەی لە عێراق هۆشیاریی بەرامبەر بە پەکەکە زیادیکردووە. ڕاگەیاندنی پەکەکە وەک هەڕەشەی هاوبەش و دواتریش ناوزەدکردنی بە ڕێکخراوی قەدەغەکراو زۆر بەنرخە. باسی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازی و هەواڵگرییەکانمان کرد، دەمەوێت پێشهاتێکی مێژوویی ڕابگەیەنم کە ماوەیەکە کارمان لەسەری دەکرد، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنمان لە بوارەکانی سەربازی، ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەلایەن وەزیرانی بەرگریمان ئیمزا کران، پەیوەندییەکانمان بەبێ پچڕان بەردەوام دەبن".
لەبارەی ئیمزاکردنی ئەو یاداشتە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئەم یاداشتە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان بەرەو پێشتر دەبات و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی هاوبەشمانە بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدەستبهێنێت".
هاوکات فوئاد حوسێن لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی لەگەڵ هاکان فیدان ڕایگەیاند: "تیمی عێراق و تورکی کۆبوونەوە بۆ دانانی بەشە گرنگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن کە لەلایەن هەردوولاوە ئامادەکراوە، چەندین لێژنە ئامادەکران و دابەشکران لە چەندین بوار، یەکێک لەو هەڕەشانەی دەبێت رووبەرووی ببینەوە بازرگانی ماددەی هۆشبەرە، لەبارەی ڤیزا لە سەرەتای مانگی ئەیلوول مامەڵەکردن لەگەڵ شێوازی هاتنە ناوەوە لەلایەنی تورکی دەگۆڕێت. لەبارەی بابەتی سەربازی و ئەمنی، پابەندی دەستووری عێراقین و بەگوێرە دەستوور هەر جموجۆڵێک لە خاکی عێراق دژی وڵاتانی دراوسێ دژی بنەماکانی دەستوورە و ئێمەش بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێین واتا سەروەری عێراقیش پێویستە پارێزراو بێت، چونکە هەڕەشەکان تەنیا لەسەر لایەنی تورکیا نییە بەڵکو لەسەر عێراقیشە، ئەو رێکخراوانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی سیاسی و دیموکراسی عێراق".
وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: "گەیشتینە چەند خاڵێک، یەکێک لەوان چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ سەربازگەی باشیک و دەبێتە سەربازگەیەکی مەشقپێکردنی عێراق، یەکێک لە بابەتەکان هەبوونی پەکەکە بوو و هەروەها مەترسی دروستکردنی كێشە چ بۆ هەرێمی کوردستان یان شارەکانی دیکەی عێراق" هاوکات فوئاد حوسێن جەختی کردەوە: حکوومەتی عێراق ڕێکاری یاسایی، سیاسیی و کارگێڕی بۆ ناساندنی پەکەکە و ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی ئەو پارتە دەکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بخاتە لیستی حزبە قەدەغەکراوەکانەوە.