لە پەرلەمانی تورکیا شەڕ ڕوویدا و چەند پەرلەمانتارێک برینداربوون

K24 – هەولێر:
پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی جان ئاتالای، لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتاران هێرشیان کردە سەر یەکتر و چەند پەرلەمانتارێک برینداربوون.
دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای پەرلەمانتارانی دهم پارتی، جەهەپە و پارتی كرێكارانی توركیا کۆبووەوە و گفتوگۆی لهبارهی بڕیاری دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە کرد لەبارەی دۆخی جان ئاتالای كرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاریدا، لابردنی مافە پەرلەمانییەکانی جان ئاتالای بە پێشێلکاری زانی و بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد شیک، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر بڕیارەکەی دادگای دەستووری کردەوە و فراکسیۆنی ئاكپارتی بە بێشەرم دایه قهڵهم.
لە کاردانەوەی ئەو قسەیەش، بەشێک لە پەرلەمانتاران هێرشیان کردە سەر ئەحمەد شیک و بووە هۆی وەستانی دانیشتنەکە و دوای پشوویەکی 15 خولەکی جارێکی دیکە دانیشتنەکە دەستی پێکردەوە، بەڵام دووبارە کێشە دروست بوو.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بەهۆی شەڕەکەی پەرلەمانی تورکیاوە، دوو پەرلەمانتاری دهم پارتی و جەهەپە برینداربوون.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئایاری 2023، پارتی کرێکارانی تورکیا 44 هەزار و 792 دەنگی بەدەستهێناوە و بەو ئەنجامەش جان ئاتالای توانی کورسییەکی پەرلەمانی تورکیا بەدەستبهێێت لە پارێزگای هاتای.
ئاتالای لە 28ـی ئایاری 2013، دوای ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی لە دژی دەسەڵاتی ئاکپاتی دەستگیرکرا، دوای ئەوەی ماوەی 20 ساڵ وەک پارێزەر لەو وڵاتە کاری کردووە و بەشداری زۆرێک لە دۆسیەکانی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان کردووە، لەوانە رۆژنامەی جمهوریەت و دۆسیەی بەرگری بۆ بنەماڵەی ئەوانەی لە کانەکانی سۆما گیانیان لەدەستدا