بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک: 24896 قوتابی بەشداریی خوولی دووەمی ئەزموونەکانی پۆلی دوانزە دەکەن

عومەر عەلی تەها بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆک
عومەر عەلی تەها بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆک

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک ئاشکرای دەکات، لە سەرجەم قەزا و ناحییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک، 24896 قوتابی بەشداریی خوولی دووەمی ئەزموونەکانی پۆلی دوانزە دەکەن، بەپێی ڕێژەی مانەوەیان لە وانەکان.

شەممە 17ـی ئابی 2024، عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند:  تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی دوانزە لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستی پێ کرد و تاکوو 2ـی ئایلوول بەردەوام دەبێت، هەندێکیشیان تاکوو 4ـی ئەیلوول بەردەوام دەبن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک گوتی: 24896 قوتابی بەشداریی خوولی دووەمی ئەو ئەزموونانە دەکەن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای دهۆکیش کە 9 پەروەردە لەخۆ دەگرێت، هەموو ئامادەکارییەکانی لە سنووری پەروەردەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەزموونەکانی خوولی دووەم کردووە. دەشڵێت: لەسنووری گشت پەروەردەکان، 392 بنکەی ئەزموون هەن، ئاسانکاریی پێویست بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەداواداچوون بۆ ئاستەنگەکان دەکرێت.  وەزیریی پەروەردە و پارێزگاری دهۆک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا و ئاسایش، پشتیوانیی پرۆسەکە دەکەن.

دواتر ئیسماعیل محەممەد، نوێنەری پارێزگاری دهۆک هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا گوتی: ئەمڕۆ بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە  دەکەین بە سەردانی هۆڵەکانی ئەزموونەکانیان تێدا بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ شەممە 17ـی ئابی 2014خوولی دووەمی ئەزموونەکانی پۆلی دوانزەیی لە هەرێمی کوردستان دەستییان پێ کرد و تاکوو دوو بۆ چواری مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، هەر ڕۆژێکی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر هێلەکانی ئینتەرنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەپچڕێن.