مامۆستایانی ئەمریکا دژی ژیریی دەستکرد شێوازی وانەوتنەوەیان دەگۆڕن
لە شاری سان فرانسیسکۆ، کە بە پایتەختی جیهانیی ژیریی دەستکرد ناسراوە، مامۆستایان ناچار بوون بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی نادروستی تەکنەلۆژیا لەلایەن قوتابییەکانەوە، شێوازەکانی فێرکردن و هەڵسەنگاندن بگۆڕن. ئەم گۆڕانکارییە تەنها لەم شارەدا نییە، بەڵکو بەپێی راپۆرت و دیمانەکانی ئاژانسی رۆیتەرز لەگەڵ دەیان مامۆستا و شارەزای پەروەردەیی لە سەرتاسەری ئەمریکادا، گشتگير بووە و بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو.
گۆڕینی سیستەمی ئەرکی ماڵەوە و تاقیکردنەوەکان
بۆ بەرەنگاربوونەوەی رۆبۆتەکانی گفتوگۆ و ژیریی دەستکرد، مامۆستایان دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی ئەرکە نەریتییەکانی ماڵەوە و زیاترکردنی نووسین و گفتوگۆ لەناو پۆلدا. بۆ نموونە، تریستن چانج، مامۆستای زانستە مرۆیییەکان بۆ پۆلی شەشەم، نووسینی داڕشتنەوەی لە ماڵەوە هەڵوەشاندووەتەوە و تاقیکردنەوەی زارەکی بەکار دەهێنێت. ئەو 15 پرسیار لەبارەی کەسایەتی، چیرۆک و تەوەری وانەکانەوە لە قوتابییەکان دەکات کە دەبێت لە ماوەی پێنج خولەکدا وەڵامی بدەنەوە. چانج لەبارەی ئەم گۆڕانکارییەوە دەڵێت: “مێژووی دوورودرێژی تەکنەلۆژیا شێوازەکانی فێرکردنی گۆڕیوە، بەڵام ژیریی دەستکرد بنەڕەتیترین گۆڕانکارییە و هەموو ئامرازەکانی پێشوو بوونەتە رابردوو.”
هەروەها روستی شابی، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەیەکی ناوەندی لە سان فرانسیسکۆ، کاتی زیاتر لەناو پۆلدا بۆ نووسین تەرخان دەکات؛ بۆ نموونە بۆ پۆلی حەوتەم مانگێک لەگەڵ قوتابییەکان کار دەکات بۆ نووسینی یەک داڕشتنەوە. لەلایەکی تریشەوە، بوبسن وۆنگ، مامۆستای بیرکاری لە ئامادەیییەکی نیویۆرک، پرسیارەکانی ئەرکی ماڵەوەی کەمکردووەتەوە و راهێنانی ناو پۆلی زیاد کردووە، لە جیاتی ئەوەی تەنها وەڵامەکان ببینێت، ئێستا لە قوتابییەکان دەپرسێت کام شێوازی چارەسەرکردنەیان پێ باشە و بۆچی، چونکە ژیریی دەستکرد نەک تەنها وەڵام دەداتەوە، بەڵکو هەموو هەنگاوەکانیش پیشان دەدات.
رێگەی داهێنەرانە بۆ دوورکەوتنەوە لە وەڵامی پێشبینیکراو
هەندێک لە مامۆستایان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کێشەیەدا، خۆیان لە پرسیارە باوەکان دەدزنەوە کە ژیریی دەستکرد لە وەڵامدانەوەیاندا شارەزایە. بیان رۆکفێڵد، مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە ئامادەیییەکی برۆنکس، هەوڵ دەدات پرسیارێک دابهێنێت کە ژیریی دەستکرد نەتوانێت بە تەواوی وەڵامی بداتەوە، یان داوا لە قوتابییەکان دەکات بابەتێک بنووسن کە پێویستی بە خوێندنەوەی وتاری ئەکادیمیی هەبێت و لە دەرەوەی دەسەڵاتی رۆبۆتەکاندا بێت.
دابەشبوونی سیستەمە پەروەردەیییەکان و کاریگەرییەکان
سیستەمە پەروەردەیییەکان هێشتا لەسەر ژیریی دەستکرد دابەش بوون؛ هەندێک دەیانەوێت جێگیر بکرێت و هەندێک دەیانەوێت سنووردار بکرێت، ئەمەش وا دەکات زۆربەی مامۆستایان بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناخەدا بکەن. ئەنتێرۆ گارسیا، مامۆستای پەروەردە لە زانکۆی ستانفۆرد، ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا پێگەیشتووان بە تەواوی تێنەگەیشتوون ئەم ئامرازانە بۆ پەروەردە چی دەگەیەنن.
لەلایەکی دیکەوە، توێژینەوەکان ئەنجامی جیاوازیان هەبووە. تاقیکردنەوەیەکی زانکۆی هارڤارد لە ساڵی 2025 دەریدەخات مامۆستایەکی دیجیتاڵی کە بە ژیریی دەستکرد کار دەکات، توانیویەتی ئاستی فێربوون باشتر بکات. بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی ماساشووستس بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) نیشانی داوە ئەوانەی “چات جی پی تی”یان بۆ نووسینی دارشتنەوە بەکارهێناوە خێراتر کاریان تەواو کردووە، بەڵام هەوڵێکی فیكریی ئەوتۆیان نەداوە. سەرەڕای ئەمانەش، راپرسییەکی پەیمانگەی راند لە ساڵی 2025 دەریدەخات کە زۆرینەی قوتابییان و مامۆستایانی ئەمریکی پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن.
سوودوەرگرتن لە ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی هاوکار
لە بەرامبەر نیگەرانییەکاندا، هەندێک لە مامۆستایان ژیریی دەستکرد وەک هاوکارێک بەکار دەهێنن. مایکڵ زاگاری، مامۆستای زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە نیویۆرک، ژیریی دەستکرد بۆ گۆڕینی وشەی دۆکۆمێنتە مێژوویییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئاستی قوتابییە جیاوازەکان بگونجێت، هەروەها بۆ کورتکردنەوەی وتارەکان. زاگاری قوتابییەکان هان دەدات بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی توێژینەوە ژیریی دەستکرد بەکاربهێنن، چونکە پێی وایە فێربوونی چۆنیەتیی ئاراستەکردنی، شارەزاییی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بەدەست دەهێنێت. جەخت دەکاتەوە و دەڵێت: “ژیریی دەستکرد لەناو ناچێت؛ دەبێت بەرپرسیارێتیی مەدەنی لەبارەی چۆنیەتیی بەکارهێنانی فێر بکەین، هەروەک چۆن فێری بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی ئینتەرنێت بووین.