ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە لوبنان بۆمباران کرد 13 کەس کوژران و بریندار بوون

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شەممە، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە وادی کفور، لە شاری نەبەتیە لە باشووری لوبنان بۆمباران کرد، کە لە ئەنجامدا 10 کەس کوژران و سێ کەس برینداربوون کە لەنێو کوژراواندا منداڵ هەن.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند: ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە وادی کفور، لە شاری نەبەتیە بۆمباران کرد کە 10 کەس بەوهۆیەوە کوژران و سێ کەسیش برینداربوون، بریندارەکانی سووری و سوودانی بوون، هەروەها تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە پرۆسەی لابردنی داروپەردووی شوێنە بۆردومانکراوەکە.

لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی دوێنێ هەینی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر 'بنت جبیل' لە ناوچەی مارون ئەلراس لە باشووری لوبنان.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاندبوو، لە ئەنجامی بۆمبارانی خیوەتەکان هاووڵاتییەک بریندار بووە.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، باڵەخانە سەربازییەکانی حزبوڵڵایان لە ماڕون ئەلراس و عیتا ئەلشەعب لە باشووری لوبنان بۆردومان کردووە".

هەروەها دەشڵێ: ڕۆژی هەینی هێرشی کردووەتە سەر شوێنێکی سەربازیی حزبوڵڵا لە شارۆچکەی عەیتەرون.

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاماژەی بەوە داوە "ڕۆژی هەینی لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی عەیتەرون لە باشووری لوبنان کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە".