نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارە بوونە

هێرشی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان
هێرشی ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان

نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە، زیاتر لە 110 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارە بوونە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵا بەردەوامە.

نوسینگەکە لە نوێترین ئاماردا ڕوونی کردەوە "لە 35%ـی ئاوارەکان منداڵن، ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ئامارەکان نزیکەی 150 هەزار کەس تاوەکو ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان ماونەتەوە".

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە تا ئێستە، ئیسرائیل 16 هێرشی بۆ سەر ناوەندەکانی چاودێریی تەندروستی لوبنان کردووە، هەروەها 21 فریاگوزار بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە کوژراون، لە باشووری لوبنان زیانێکی زۆر بە ئاو، کارەبا، پەیوەندییەکان و ژێرخانی ڕێگاوبانەکان کەوتووە.

نووسینگەکە جەختی کردەوە "ئێستا لە 23%ـی دانیشتووان بەدەست نائاسایشی خۆراکەوە گیرۆدەن، لەکاتێکدا لە مانگی ئاداری 2024دا لە 19% بووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامن لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی فریاگوزاری".

ڕوونیشی کردەوە: هاوبەشە مرۆییەکان پێویستیان بە 110 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ بە بەردەوامی وەڵامی پێداویستییەکانی ئەو کەسانە بدەنەوە کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.

Fly Erbil Advertisment