بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر: 162 ملیار دیناری جووتیاران ماوە بگات

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاشکرای دەکات، وێڕای کۆتایی هاتنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هێشتا بەغدا 162 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
یەکشەممە 18ـی ئابی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە کۆی 228 هەزار تۆن گەنم کە دەبووا لە جووتیارانی سنووری هەولێر وەرگیرێت، تەنها 222هەزار تۆن وەرگیرا و 1600 تۆن گەنم ڕەت کرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: تاکو ئێستا 20ملیار دینار وەک مافی ئەو بڕە گەنمەی جووتیارانی هەولێر ڕادەستییان کردووە، لەبەغداوە گەیشتووە، بەڵام 162ملیار دیناری دیکە ماوە، کە مافی جووتیارانە، چونکە گەنمەکەیان لێ وەرگیراوە.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە 6/6ـی ئامساڵ دەستی پێ کرد، لە 20/7 کۆتایی هات.
هێمن سەید موراد ئاشکرای دەکات، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئەمساڵ زۆر باش بووە، دەشڵێت: بۆ ساڵی داهاتوو هەوڵ دەدەین بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بە بازاڕ کردنی دانەوێڵەی سایلۆی هەولێر باشتری بکەین.