10 کارگەی نوێ لە زاخۆ دەکرێنەوە
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی 10 کارگەی نوێی پیشەسازی لە بوارە جیاوازەکاندا، لە نێویاندا گەورەترین کارگەی دروستکردنی ئامێری کارەبایی و ریسایکلینی ئەلەمنیۆم هەن و بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق دادەمەزرێن.
عەبدولڕەحمان ئەدیب، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا 10 کارگەی نوێی پیشەسازیی جیاواز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکرێنەوە و دەکەونە خزمەت خەڵکی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لەو کارگە نوێیانە بۆ یەکەمین جارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە کە بریتییە لە گەورەترین کارگەی دروستکردنی ئاوساردکەرەوە و بەفرگر (سەلاجە) و لە لایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە بە هاوبەشی لەگەڵ بازرگانێکی شاری زاخۆ دروست کراوە.
لەبارەی کارگەکانی دیکەوە، عەبدولڕەحمان ئەدیب گوتی: گەورەترین کارگەی دروستکردنی ئامێری کارەبایی ناوماڵ دەکرێتەوە، ئەم کارگەیە تایبەتمەند دەبێت بە دروستکردنی ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ، وەک گسکی کارەبایی، قژ وشککەرەوە، فڕن و چەندین ئامێری دیکە.
هەروەها باسی لەوە کرد، یەکێکی دیکە لەو 10 کارگەیە تایبەتە بە توانەوەی ئەلەمنیۆمی کۆن، واتە ریسایکلین و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەلەمنیۆم، سەرەڕای کردنەوەی چەندین کارگەی دیکەی پیشەسازی لە بوارە جیاوازەکاندا.
عەبدولڕەحمان ئەدیب باسی لەوەش کرد، جیا لەم 10 کارگەیە، زیاتر لە 170 کارگەی جیاواز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەن و رۆژ بە رۆژیش ژمارەکە زیاتر دەبێت.