فوئاد حوسێن: ئێزدییەکان تووشی جینۆساید و ماڵوێرانی بوونەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراقی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لیژنەی لێکۆڵینەوە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو ئێزدیانە داوە کە تا ئێستە بزرن.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنفرانسی تاوانەکانی داعش بەرانبەر بە ئێزدییەکان گوتی: عێراقییەکان لەبەر تیرۆر و شەڕ ئاوارە بوونە. هەروەها حکوومەتی عێراق کار دەکات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانمەندی دەستی داعش بوون، دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین تاکوو لەگەڵ کۆمەڵگەدا تێکەڵ ببنەوە.

گوتیشی: وەزارەتی دەرەوە کاری بۆ ئەوە کردووە تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو تاوانانە تێ بگەیەنێت، هەوڵیش دەدەین، لەو کۆنفرانسە ئەوە باس بکەین کە بزانین عێراق چی پێ دەکرێت لە پارێزگاریکردنی مرۆڤایەتی و ئەو ئازارانەی کە خەڵکی عێراق هەیانە کەمی بکەینەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی عێراقی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لیژنەی لێکۆڵینەوە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو  ئێزدیانەی داوە کە تا ئێستە بزرن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە ناو کەسوکاریان و دادپەروەری جێ بەجێ بکرێت و قەرەبو بکرێنەوە.

ڕاشیگەیاند: سوپاسی هەمو هێزە ئەمنییەکان دەکەین لەڕزگارکردنی شار و گوندەکان بەتایبەت شنگال، کە قوربانیان داوە، ئەو قوربانیدانەش نیشانەی برایەتی و یەکبوونە. هەروەها سوپاسی ئەو حکوومەتانە دەکەین کە دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان ناوە، کە بەدەستی داعش وایان لێ هات. هەروەها بەڵێنیش دەدەین هەرچی پێمان بکرێت بۆ قوربانیان و کەسوکاریان دەکەین.