لە هەولێر ئاوەڕۆیەک دروست دەکرێت و چەندین شەقام قیرتاو دەکرێن
پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، لە گوندی کەلەکین ئاوەڕۆیەک دروست دەکرێت و چەندین شەقام قیرتاو دەکرێن بە 520 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێن.
یەکشەممە 18ـی ئابی 2024، پاریزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، بە 520 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر وێڕای دروستکردنی ئاوەڕۆ، چەندین شەقام قیرتاو و کۆنکرێت کران.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16ی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆ و کۆنکرێت و قیرتاوکردنی چەند شەقامێکیان لە گوندی کەلەکینی سەر بە کۆمەڵگەی شاوەیسی سنووری پارێزگای هەولێری بەسەر کردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو پارێزگایە، پرۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆ لە گوندی کەلەکین و کۆنکرێتکردن و قیرتاوکردنی چەند شەقامێک بەڕووبەری 3300 مەتر دووجا، پڕۆژەکەش بە لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
پارێزگاری هەولێر، لە سەر پڕۆژەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: بە تەواوبوونی ئەم شەقامە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دروست دەبێت، وێڕای چارەبوونی گرفتەکانی ئاوەڕۆ.
ڕاشیگەیاند، خزمەتکردنی دەورووبەری شاری هەولێر بەشێکە لە ئەولەوییەت و کارەکانی کابینەی نۆیەم و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کە بەردەوام جەخت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ دەورووبەری شاری هەولێر دەکاتەوە.