دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنی سەری سەرکردەکەی حزبوڵلای خوارد

ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکی چۆنێتی کوژرانی فواد شکور سەرکردەی حزبوڵلا بڵاو دەکاتەوە

فواد شوکر سەرکردەی کوژراوی حزبوڵلای لوبنانی
فواد شوکر سەرکردەی کوژراوی حزبوڵلای لوبنانی

ئێران و حزبوڵلا بەوردی کەوتوونەتە لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی کوژرانی فواد شکور، سەرکردەی حزبوڵلا کە بە پیاوی تارمایی ناوبانگی دەرکردبوو. هەردوولا گومانیان لە پێشکەوتوویی تەکنەلۆجیای ئیسرائیل و دزە کردنی بۆ تۆڕی پەیوەندییەکانی حزبوڵلا هەیە.

فواد شکور، سەرکردەی حزبوڵلای لوبنانی هەرچەندە ناسناوەکەی حاجی موحسین بووە، بەڵام بە تارمایی ناوبانگی دەرکردبوو، بە جۆرێک بە نهێنی ژیاوە تاوەکوو بەر لە کوژرانی، بەشێکی کەمی خەڵکی ناسیویانە و ڕوخساریان بینیوە.

تارماییەکەی حزبوڵلا لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە نهۆمی حەوتەمی باڵەخانەیەکدا کوژرا و بەرپرسێکی حزبوڵلا چۆنێتی کوژرانی فواد شکوری بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرا کردووە و دەڵێت: ئەو سەرکردەیەی حزبوڵلا کە تەنیا ژمارەیەکی کەمی هاووڵاتییان دەیانناسی نووسینگەکەی لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەیەکی ئاکنجی بوو لە باشووری بەیرووت، کە شوێنی حەوانەوەشی لە نهۆمی حەوتەمی هەمان باڵەخانەدا بوو. چەند کاتژمێرێک بەر لە کوژرانی، حەسەن نەسروڵلا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کردووە.

بەرپرسەکەی حزبوڵلا دەشڵێت: کەسێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە شکور کردووە و پێی گوتووە بچێتە نهۆمی حەوتەم کە جیاوازییەکەی پێنج نهۆم بووە لە سەرەوەی نووسینگەکەی، دواتر، بە مووشەک لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەکە دراوە و لە ئەنجامدا فواد شکور و هاوسەرەکەی و دوو ئافرەتی دیکە و دوو منداڵ لەو هێرشەدا کوژران.

بەرپرسەکەی حزبوڵلا دەڵێ: هاندانی شکور بۆ چوونە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەکە بۆ ئەوە بووە ئاسانتر لە نێوان باڵەخانەکانی دەوروبەری بتوانن بیپێکن، هەربۆیە گومان دەکرێت ئەو کەسەی پەیوەندی بە شکورەوە کردووە، کەسێک بێت و تۆڕی پەیوەندییەکانی حزبوڵلای هاک کردبێت.

هەروەها ئاماژەی داوە "حزبوڵلا و ئێران لە لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو شکستە هەواڵگرییەی فواد شکوری تێدا کوژراوە، بەڵام گومان دەکەن ئەو تەکنەلۆجیایەی ئیسرائیل بۆ دزەکردنە نێو تۆڕی پەیوەندییەکانی حزبوڵلا بەکاری هێناوە زۆر لە تەکنەلۆجیاکانی ئەوان بەهێزتر و پێشکەوتووتر بێت".

فوئاد شکور یەکێکە لە دامەزرێنەرانی حزبوڵڵا، لە دوای تەقینەوەکەی بنکەیەکی هێزەکانی دەریایی ئەمەریکا لە لوبنان کە بەهۆیەوە 241 سەربازی ئەمەریکی کوژران، ماوەی چوار دەیە لەلایەن ئەمەریکاوە داواکراو بوو بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا بە پیلانداڕێژەری تەقینەوەکەیان دەزانی و بۆ ئاشکراکردن و بە دەستەوەدانیشی خەڵاتێکی پێنج ملیۆن دۆلاری تەرخان کردبوو.