هەڵگورد شێخ نەجیب: پێویستە بەرپرسی یەکەم لە 8:30 بەیانی لە شوێنی کارەکەی ئامادە بێت
سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی قەزای ڕواندز، جەخت لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان دەکاتەوە و دەڵێت: پێویستە بەرپرسی یەکەم لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی لە شوێنی کارەکەی ئامادە بێت.
یەکشەممە، 18ـی ئابی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەردانی دیوانی قایمقامیەتی قەزای ڕواندزی کرد و لەگەڵ ئەحمەد قادر قایمقامی ڕواندز و بەرپرسانی ئیداری قەزاکە کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستە سەر خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان لە یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکە و گوتی: پێویستە ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکوومەت لە ناوچەکە کەم بکرێتەوە و فەرمانبەران پابەندبن بە کاتەکانی دەوام لە سنووری قەزای ڕواندز. گوتی: پێویستە بەرپرسی یەکەم لە کاتژمێر 8:30 خولەکی بەیانی لە شوێنی کارەکەی ئامادە بێت، چونکە ئامادەنەبوونی بەرپرسی یەکەم، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کارەکانی ئیداری هەیە.
دواتر، لەکۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرا کە لە ساڵی 2022ـەوە بە چڕی دەستیان پێ کردووە و ئێستەش چەند پرۆژەیەک لە قۆناغی جێبەجێکردن دان. سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بە پڕۆژە ستراتیجی و دوور مەوداکان دا و گوتی : پێویستە پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا گرنگی زیاتری پێ بدرێت و لە پڕۆژەکانی ئاودا هەوڵ دەدەین سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگرین. گوتیشی: دەبێت کارەکان بە ئەمانەتەوە بکرێن.
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: پێویستە چاکسازیی لەنێو فەرمانگەکان بکرێت، چونکە کورسی هی ئەوە نییە خێر و پیاوەتی پێ بکرێت؛ ئەو کورسییە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە بە گشتی، پێویستە بەرپرس خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر کێشە و گرفتەکانی هاوڵاتیان، نموونەی باشترین خزمەت پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەین.