ئاسایشی هەولێر: بکوژی هاووڵاتییەکەی هەولێر کارمەندی پاسەوانی سنوورە

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: بکوژی هاووڵاتییەکەی هەولێر کە لە شوقەکانی ئیسکانی نوێ تەقەی لێکرا، کارمەندێکی سەر پۆلیسی پاسەوانی سنووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و دوای تاوانەکە لە سلێمانی خۆی ڕادەست کردووە.

18ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "سەبارەت بە کوژرانی هاووڵاتی ئەحمەد مەولوود ئەحمەد لە شوقەکانی ئیسکانی نوێ لە شاری هەولێر، لە 17ـی ئابی 2024، لە لایەن کارمەندێکی پۆلیسی پاسەوانی سنوور، سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەناوی (ش. ج. ع.) لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ئەم تاوانەی ئەنجامداوە".

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی بە سوودوەرگرتن لە ناسنامە سەربازییەکەی لە شاری هەولێر هەڵاتووە بۆ شاری سلێمانی، دواتر خۆی ڕادەست کردووە.

دوای ئەوەی دوێنێ ڕووداوێکی کوشتن لە شاری هەولێر ڕوویدا، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەکە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.

Fly Erbil Advertisment