بەنداوی دوکان؛ بەردانەوەی ئاو بەراورد بە گلدانەوەی سێ بەرانبەرە

دیمەنی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان
دیمەنی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دوکان

بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان دەڵێت: دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارۆئاوی دوکان کاریان پێ دەکرێت و ڕۆژانە چوار سانتی مەتر ئاوی دەریاچەکە کەم دەکات، ئەمەش وایکردووە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە زیاتر بێت لەو ئاوەی دێتە ناو دەریاچەکەوە.

بەگوێرەی پێوانەکردن و ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دوکان، ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاوی زیاتری تێدایە، ئەوەش بەهۆی باران زستانی ڕابردوو و ژیانەوەی سەرچاوەکانی ئاوە لەگەڵ بەردانەوەی ئاوی زێی بچووکە لە لایەن ئێرانەوە لەهەندێ ڕۆژی هەفتەدا .

ئەم ساڵ زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لەم کاتە وشک یان کەمئاو نییە، ئێران جیاواز لە شەش ساڵی ڕابردوو، هەفتانە چەند ڕۆژێک ئاوی بەنداوی کۆڵەسە بۆ هەرێمی کوردستاندا بەردەداتەوە.

بوونی ئاوی پێویست لە زێی بچووک کە بەشێکی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەڕژێنە زێیەکە، ئەمساڵ کەمتر گرفتی بۆ پڕۆژەی ئاوی خاس دروست کردووە، ئەو پرۆژەیە ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە %80ی دانیشتوانی سەنتەری قەزای پشدەر دابین دەکات.

مارف مەحموود، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاس دەڵێت: ئەگەر بەراوردکارییەک لەگەڵ ساڵانی پێشتر بکەین، ئەم ساڵ دۆخەکە زۆر باشترە و لە چاو ساڵانی ڕابردوو بڕێکی زۆرتری ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەڕژێتە پرژەکەمان و تاوەکوو ئێستا لە شێوازی ئیدارەدانی ئاو نەمانهێشتووە کێشەی کەمئاوی بۆ دانیشتووانی سنوورەکە دروست بێت.

زێی بچووک دەڕژێتە دەریاچەی دوکان، ئەم ساڵ دەریاچەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاوی زیاتری تێدایە، بەهۆی کارپێکردنی دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی 160 مێگاوات کارەبا ، ئێستا تێکڕای ئەو ئاوی لە دەریاچەکە بەردەدرێتەوە سێ هێندەی ئەو ئاوە دەبێ کە دێتە ناو دەریاچەکە .

پردی دەربەندی ڕانیە
پردی دەربەندی ڕانیە

کۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان دەڵێت: تێکڕای ئاوی ئەم ساڵی دەریاچەی دوکان بەراورد بە ساڵی پار و ساڵانی ڕابردوو زیاترە، جیاوازی ئاستی ئاوی ئەم ساڵ لەگەڵ پار پێنج مەترە، بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ڕۆژانە دوو یەکەی کارۆئاوی کار پێ دەکەین، بەم هۆیەوە لە هەر چرکەیەکدا نزیکەی 140 مەترسێجا ئاو لە بەنداوەکە دەردەچێت، ئەو ئاوەشی بۆ دەریاچە دێت لە هەر چرکەیەک 40 بۆ 50 مەتری سێجایە، هەربۆیە ڕۆژانە چوار سانتی مەتر ئاوی دەریاچەی دوکان کەم دەکات.

ئەمساڵ دەربەندی ڕانیەش تا ئاستێکی باش ئاوی تێدایە و ڕۆژانی پشوو بەلەمە گەشتیارییەکان گەشتی ناو دەریاچەکە بە گەشتیاران دەکەن و دیمەنێکی جوانتری بە دەریاچەکە و دەربەندی ڕانیەش بەخشیوە.

لە حوزەیرانی 2017ـەوە لە دوای تەواوبوونی بەنداوی کۆڵەسەی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرچاوەیەکی سەرەکی زێی بچووک و ئاوی دەریاچەی دوکانی گرتەوە، نزیکەی حەوت ساڵە بەنداوی دوکان بۆ گلدانەوەی ئاو پشت بە سەرچاوەکانی ئاویی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و باران دەبەستێت.

Fly Erbil Advertisment