نرخی نەوت بەرزترین ئاستی 5 مانگی رابردووی تۆمار کرد برێنت گەیشتە 114 دۆلار
بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی هەناردەکردنی نەوتی لیبیا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشا و بەرزترین ئاستی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا تۆمار کرد.
لە کاتی مامەڵەکانی ئەمڕۆی بۆرسەی جیهانیدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە نێوان 113.8 بۆ 114.5 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی داخستنی ئەو جۆرە نەوتەیە لە پێنج مانگی رابردوودا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکیش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کرد و بەربەستی 100 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک تێپەڕاند.
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی سعوودیە، کە ترسی پچڕانی هەناردەی نەوتی لە ناوچەکەدا دروستکردووە؛ بەهۆی ئەم گرژییانەشەوە، کۆمپانیای زەبەلاحی «ئارامکۆ» فەرمانی بە کارمەندانی کردووە بارەگای سەرەکیی خۆیان لە شاری زەهران چۆڵ بکەن.
هاوکات لە باکووری ئەفریقیا، بەهۆی داخستنی زمانەی بۆریی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت بەرەو بەندەری "زاویە"، پرۆسەی بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی نەوتیی "حەمادە" و "تاهارا" لە لیبیا پەکیکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بڕی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا.
شارەزایانی کەرتی وزە ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕی نەوتی جیهانی کەوتووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە و پێشبینی دەکەن، لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو گرژییە ئەمنی و سەربازییانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نرخەکان لەم ئاستە بەرزانەیاندا بمێننەوە یاخود رووبەڕووی شەپۆلێکی دیکەی بەرزبوونەوەی پێوانەیی ببنەوە.