غەزەییەکان خەون بە کۆتاییهاتنی شەڕەوە دەبینن

"شەڕ لە غەززە کۆتایی هات" ئەم ڕستەیەی بووەتە وێردی سەر زمانی غەزەییەکان، ئەوان هەموو شەوێک بە هیوای بیستنی بەڕاستگەڕانی ئەم ڕستەیە سەر دەخەنە سەر سەرین.

خەڵکی غەززە بەدەست ڕاکە ڕاکەی ئاوارەیی و هەڵاتن لە هێرشە ئاسمانییەکان و خۆ شاردنەوە لە گولـلە سەربازانی ئیسرائیل شەکەت بوونە. هیواخوازن ئەم شەڕەی حەماس لە ژێر ناوی ئۆپراسیۆنەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر دەستی پێ کرد و لەشکر کێشی ئیسرائیل و وێرانکردنی ژیان و ئاوەدانی غەززە بکرێتە ڕۆمانێکی دوورودرێژ و کۆتایی بە هەموو شتێک بێت.

غەززەییەکان بە هەموو تەمەن و چین و توێژکانییەوە چرکە بە چرکە دەژمێرن بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بێت، بەڵام زیاتر لە 10 مانگە هیچ تروسکایەک بەدی ناکەن.

عەدنان ئەستەڵ هاووڵاتییەکی خەڵکی غەززەیە و دەڵێت: شەو و ڕۆژ بە هیوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستین، دەمانەوێت لە هەواڵەکانەوە ببیستین شەڕ کۆتایی هاتووە، زیاتر لە 10 مانگە لە ژێر زەبری شەڕ و کوشتن و ئاوارەییداین.

دوای گەڕی ئەم دواییەی دانووستانەکانی دەوحە، ئەمەریکا، قەتەر و میسر هەوڵەکانیان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو و ئاگربەست چڕکردووەتەوە.

خالید ئەسوسو شڕۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: ئەوەی ڕوو دەدات، فریودان و چەواشەکاریی سیاسییە، نووسینگەی ناتانیاهو و بلینکن وا دەریدەخەن پڕۆسەیەکی سیاسی لە ئارادایە، لە کاتێکدا بلینکن فشار لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەکات بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر حەماس دروست بکەن و بۆ هەموو شتێک بڵێن بەڵێ.

 چاوەڕوانی باڵی بەسەر غەززەییەکاندا کێشاوە، هاووڵاتییان هیواخوازن دوای کارەساتی ویران بوونی وڵاتەکەیان و لەدەستدانی زیاتر لە 40 هەزار ڕۆڵە و وێرانبوونی ژێرخان و هەموو سیمایەکی شار و شارستانییەت، ئارامی بۆ ژیانیان بگەڕێتەوە .

 ئەیوب خاتر دانیشتووی غەززە دەڵێت: سەرەتا ئەوەندی گوێمان لە گەڕی دانوستانەکان بوو، گەشبینی دایگرتین، ئێستە ئەوەشمان لەدەست داوە، چونکە هەموو هەفتەیەک ئەم قسەیە دەکرێت و تا ئێستەش ئاسۆ ڕوون نییە.

موفید ئەلفەڕڕا هاووڵاتییەکی دیکەی کەرتی غەززەیە دەڵێت: گەشبینین بۆ ئەوەی پێنج شەممە بە ئاگربەست بگەین و ژیانی ئاوارەیی و بێماڵیی کۆتایی پێ بێت، هەموومان بگەڕێینەوە ماڵەکانمان و لەم شەڕە بحەسێینەوە.

غەززەییەکان لە نێوان هیوا و بێهیوایی کۆتایی هاتنی شەڕ دۆشداماون، غەززەش لە لێواری تەقینی گڕکاندایە و تا دێت ئاڵۆزییەکان و وێرانکارییەکانی زیاتر دەبن و مەترسی هەڵچوونێک هەیە تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە، ڕوون نییە نێوەندگیرەکان لە دامرکاندنەوەی ئاگری شەڕ و خوێنڕێژی غەززە سەرکەوتوو دەبن یاخود نا.