کۆریای باکوور بۆ یەکەمین جار لە دوای پەتای کۆڤید-19 دەرگاکانی بۆ گەشتیاریی بەشێوەیەکی بەشەکی دەکاتەوە
بە گوتەی کۆمپانیایەکی گەشتیاری کە بنکەکەی لە چینە، کۆریای باکوور لە کۆتایی ئەمساڵدا دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاریدا دەکاتەوە. دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2020ەوە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەتای کۆڤید-19 هاتوچۆ و گەشتیاری بۆ وڵاتەکە قەدەغە کرا.
بەپێی بەیاننامەیەکی کۆمپانیای کۆریۆ تۆرز، کە بنکەکەی لە پەکینە، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە گەشتەکانی بۆ کۆریای باکوور "بە فەرمی لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 دەست پێ دەکاتەوە." "بەهۆی ئەوەی زیاتر لە چوار ساڵ چاوەڕێی ئەم ڕاگەیاندنە بووین، کۆمپانیای کۆریۆ تۆرز، زۆر بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتیاری بۆ کۆریای باکوور".
بە گوتەی کۆریۆ، نزیکەی پێنج ساڵە سنوورەکانی کۆریای باکوور داخراون و لە مانگی یەکی ساڵی 2020 داخران کاتێک بووە یەکەم وڵات کە بەهۆی پەتای کۆڤید-19 دەرگاکانی داخست.
بەڵام کۆمپانیا گەشتیارییەکە دەڵێت: ئاماژەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە کۆریای باکوور هێدی هێدی لە ناوەڕاستی ساڵی 2023ـەوە جارێکی دیکە بەرەو ئەو بڕیارە هەنگاوی ناوە کە دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاران بکاتەوە. هەرچەندە، ڕەنگە کۆریای باکوور بۆ ئەم ئاراستەیە هەنگاوی نابێت، بەڵام بە تەواوی دەرگاکانی بۆ گەشتیاران ناکاتەوە و ئاگادارکردنەوەیەکی گرنگیش هەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
کۆریۆ تۆرز گوتی: ئەم پرۆسەی کردنەوەی دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاران لە شاری سامجیۆن دەست پێ دەکات، بەو مانایەی کە چوونە ژوورەوە بۆ پیۆنگیانگ یان هەر بەشێکی دیکەی وڵاتەکە سنووردار دەکرێت؛ هەرچەندە ڕەنگە کردنەوەی شوێنەکانی دیکەش لە پلانی ئەو ولاتەدا بێت.
کۆریۆ تۆرز ئاماژەی بەوەش کردووە “لەکاتێکدا ڕەنگە ئەمە شتێکی نائاسایی دەرکەوێت، بەڵام لە وەرزی زستاندا سامجیۆن ناوچەی سەرەکییە بۆ گەشتیاری لە کۆریای باکوور. بۆ ئەوانەی بە هیوای ئەوەن کە لە یەکێک لە گەشتەکان سەردانی کۆریای باکوور بکەن، پێمان خۆشە جەخت لەوە بکەینەوە کە ڕەنگە شتەکان کەمێک لەچاو دۆخەکانی ئاسایی شڵەژاوتر بن”.
کۆریۆ تۆرز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: سامجیۆن، بەناوبانگترین ناوچەی کۆریای باکوورە لە وەرزی زستاندا بۆ گەشتیاری و شوێنی شاخی گڕکانی بەناوبانگی وڵاتەکەیە کە چیای پایکتۆیە. ئاماژەی بەوەش کردووە "لە کۆریای باکوور، سامجیۆن وەک شوێنی لەدایکبوونی شۆڕش و شوێنی لەدایکبوونی بەناوبانگی کیم جۆنگ ئیل سەیر دەکرێت. بۆ کۆریای باشوور شوێنی لەدایکبوونی گەلی کۆریایە. بۆ هەموو نیمچە دورگەی کۆریا گرنگترین و پیرۆزترین شوێنە".
بەپێی ماڵپەڕی کۆریۆ تۆرز، پێشتر گەشت کردن بۆ کۆریای باکوور گەلێک ئەستەم بوو، بەڵام ئەوە ساڵانێکە کۆریای باکوور کار لەسەر پەرەپێدانی سامجیۆن دەکات.
کۆمپانیای گەشتیاری دەڵێت: لەکاتێکدا زیاتر لە 30 ساڵە لە وڵاتەکەدا کاردەکەین، پێشتر هەرگیز تووشی داخستنی سنوورەکان نەبووین. ئاماژەی بەوەشکردووە، "سامجیۆن بەو پێیەی بەم دواییە وەک شوێنێکی گەشتیاری پەرەی پێدراوەتەوە ، لە ساڵی 2018 لەکاتی وێنەگرتنی فیلمی ‘مایکل پێلین لە کۆریای باکوور’ سەردانیمان کرد و لەو کاتەدا پێشتر لە قۆناغی دروستکردندا بوو".
بەروارە فەرمییەکانی بەرنامەی گەشتەکان لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.
کۆریۆ تۆرز دەڵێت: "بەداخەوە هێشتا نازانین ئایا ئەمە بۆ گەشتوگوزاری فراوانتر بۆ کۆریای باکوور چی ماناییەکی هەیە. بەلام بەدڵنیاییەوە، سەلامەتی ئێوە لە پێشینەی کارەکانمانە”.
یاساکانی گەشت بۆ کۆریای باکوور
لەکاتی گەشتکردن بۆ کۆریای باکوور، گەشتیاران پابەندی هەموو یاسا و سزا ناوخۆییەکانی کۆریای باکوور دەبن، تەنانەت هەندێک لەو یاسایانە لەوانەیە بەپێی ستانداردەکانی وڵاتانی دیکە سەیر دەرکەون. پێویستە پێش گەشتکردن بۆ ئەم ولاتە لێکۆڵینەوە لە یاسا ناوخۆییەکانی بکرێت. بۆ نموونە، لە کۆریای باکوور دەستگیرکردن و ڕاگرتنی ڕەمەکی هەیە.
زۆر جار دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە کەسانی بیانییان بەشێوەیەکی ڕەمەکی دەستگیر کردووە و دەستبەسەریان کردووە. نەک تەنها یاسا، بەڵکوو فەرهەنگ و سیاسەت کاریگەریی لەسەر دەسەڵاتداران هەیە کاتێک کەسانی بیانی دەستگیر دەکەن. بۆ نموونە، لەوانەیە تۆ دەستگیر بکرێت، ڕابگیرێت یان دەربکرێت بەهۆی ئەو چالاکییانەی کە تاوان نین لە وڵاتەکەی خۆتدا.
هەروەها، دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوور لە نزیکەوە چاودێری گەشتیاران دەکەن. لەوانەیە لە ژووری هۆتێلەکەتدا بەدوای کەلوپەلەکاندا بگەڕێن یان چاودێریی بەکارهێنانی ئیمەیڵ و ئینتەرنێت و تەلەفۆن و فاکس بکەن.
کۆریای باکوور یاسای زۆر توندی هەمبەر ماددە هۆشبەرەکان هەیە. سزاکانی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان ئێجگار توندن. بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەتوانێت ببێتە هۆی سزای زیندانیکردنێکی نادیار. پارێزبەندی لە حاڵەتەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکاندا زۆر دەگمەنە.
یاساکانی دیکەی کۆریای باکوور ئەمانەن:
دەسەڵاتداران بۆ زۆر جۆری چالاکیی خەڵک دەستگیر و دەستبەسەر دەکەن. سزاکان دەتوانن زۆر توند بن. ڕەنگە زۆرێک لە چالاکییە بەڕواڵەت ئاساییەکان بۆ دەسەلاتدارەکانی کۆریای باکوور وەک سیخوڕیکردن هەستی پێ بکرێت.بۆ نموونە. وێنەگرتنی هەر شتێکی تر جگە لە شوێنە گەشتیارییە گشتییە دیاریکراوەکان نایاساییە. ئەو شوێنانە کە ڕێگەپێدراو نین بۆ گەشتیاران کە وێنەی لێ بگرن بریتین لە:
- ڕێگاوبان و پردەکان
- فڕۆکەخانەکان
- وێستگەکانی شەمەندەفەر
- دەروازەکان
- بیناکانی حکوومەت
- دیمەنەکانی هەژاری
- هەر شتێک کە بۆچوونێکی نەرێنی لەسەر کۆریای باکوور نیشان بدات.
هەمیشە پێش گرتنی وێنە پێویستە داوای مۆڵەت لە ڕێبەری گەشتەکە بکرێت کە لەگەل گرووپی گەشتیارانە.
هەروەها ئەم کارانەش نایاسایین:
- بردنی هەر شتێک کە ڕەنگە ئاماژەیەکی ئایینی، سیاسی یان تەنانەت پۆرنۆگرافی لەخۆ هەڵگرێت.
- لەکاتی سەردانی ئەم وڵاتە پێویستە پێشتر بە دەسەلاتدارەکان رابگەینرێت کە چێ جۆرە ئامێرکی ئەلیکترۆنی لەگەل خۆتدا دەبەیتە ئەو ولاتە. بە پێچەوانەوە، وەک کەسێک کە هەوڵی سیخوڕی بدات مامەلەت لەگەل دەکرێت.
- بە ئاگاداری یان بەبێ ئاگاداری، ئەو شتانەت لا بێت کە یاسای کۆریای باکوور پێشێل دەکەن.
- بێڕێزی کردن یان گاڵتە کردن بە کۆریای باکوور، سەرکردەکانی ئێستا یان پێشوو یان خێزانەکانیان.
- بازارکردن لەو دوکانانە کە بۆ کەسانی بیانی دەستنیشان نەکراون
- مامەڵەکردن بە دراوی بیانی بەبێ ئەوەی مۆڵەت لە دەسەلاتدارەکانەوە وەرگیرا بێت.
هەروەها قسەکردن لەگەڵ هاوولاتییانی کۆریای باکوور بەبێ مۆڵەت نایاساییە. ڕەنگە ئەمە وەک سیخوڕیکردن هەستی پێ بکرێت.