زیاتر لە هەزار تابلۆی شوێنی گەشتیاریی و بازرگانیی لە هەولێر کراونەتە کوردی

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرای ڕایدەگەیەنێت: تەنیا لە ساڵی 2023دا لە كۆی 1400 شوێنی گەشتیاریی و بازرگانیی، زیاتر لە 1012 شوێن تابلۆكانیان کراونەتە زمانی کوردی.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی کردەوە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و سەرۆك بەشەكانی فەرمانگەكە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی تیشكی خستە سەر گرنگیی ڕۆڵی گەشتوگوزار لە بەهێزكردنی ئابووریی كوردستان، کە بەردەوام سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی جەخت لەسەر پەرەپێدان و باشتركردن و بووژانەوەی دەكاتەوە.
وەزیری شارەوانی لە تەوەرێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری بەكوردیكردنی تابلۆی شوێنە گەشتیاریی و بازرگانییەكان كرد. لەم بارەیەوە دووپات لەوە كرایەوە تەنیا لە ساڵی 2023دا لە كۆی 1400 شوێنی گەشتیاری و بازرگانی زیاتر لە 1012 شوێن تابلۆكانیان بە كوردی كراون و پرۆسەی پشكنین و بەكوردیكردنی ئەو شوێنانەی هەتا ئێستا ماون بەردەوامە و كاری ڕژدیان لەسەر دەكرێت. وەزیری شارەوانی داوای لێیان كرد كاری باشتر بۆ بەكوردیكردنی تابلۆی شوێنە گەشتیاری و بازرگانییەكان بكەن.