ڕاوێژکارێکی سوودانی بۆ کوردستان24: کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە پارەی نەختینەوە نییە

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ڕایدەگەیەنێت "کێشەی درەنگ ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە پارەی نەختینەوە نییە". دووپاتیشی دەکاتەوە "هەموو کێشەکانی هەولێر و بەغدا قابیلی چارەکردنن".

سێشەممە، 20-08-2024، مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی؛ لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوت، سەردانی شاندێکی بانکی ناوەندیی فیدراڵی بۆ ئەمەریکا و چەند پرسێکی دیکە، بۆ کوردستان24 دوا.

کێشەی پارەی نەختینە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

هەر چەندە بە گوێرەی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی، پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا و بەبێ دواکەوتن دابەش بکرێن، بەڵام مانگانە سەرەڕای تەواوکردنی وردبینی لە لیستەکانی مووچە؛ کێشە بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بە تایبەت وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دروست دەکرێت.

ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە. موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشتر بە کوردستان24ـی گوتبوو، هۆی دواکەوتنی ناردنی مووچەکە، نەبوونی نەختینەیە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ڕەتی کردەوە کێشەی نەبوونی پارەی نەختینەیان هەبێت و جەختی لەوە کردەوە، "ئەو قسانە، لە دەرەوەی دامەزراوە ئابوورییەکان دەکرێن و هیچ بەهایەکیان نییە".

وەکو ئەوەی ڕاوێژکارەکەی سوودانی باسی کرد "کێشەی دواکەوتنی ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە، پەیوەندیی بە پارەی نەختینەوە نییە؛ بەڵکوو هۆی دیکە هەن و پێویستە چارە بکرێن".

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

ساڵێک زیاترە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیراوە، گرفتی سەرەکی بەردەم پرۆسەکە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانە، ئەو بڕەی بەغدا بۆی دیاریکردوون، تا ئێستا کۆمپانیاکانی ڕازی نەکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە دواخستنی زیاتری پرۆسەکە، زیانی بە ئابووریی عێراقیش گەیاندووە، بەشێکی دیکەی کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای نەوت و گاز لە عێراق.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە، ڕاوێژکارەکەی سوودانی بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە "یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کراوە، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانی ڕێکخستووە و کارەکان بەگوێرەی یاسا ڕایی دەکرێن".

مەزهەر محەممەد ساڵح دووپاتیشی کردەوە "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەقامگیر، دۆستانە و بە‌هێزن. لێکگەیشتن هەیە، هەر چەندە هەندێک جار کێشە دێنە ئاراوە، بەڵام هەموویان قابیلی چارەکردنن".

سەردانی شاندێکی عێراق بۆ ئەمەریکا

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و ئەندامێتیی دەستەی وەبەرهێنان و ژمارەیەک دامەزراوە و بەرپرسی دارایی، سەردانی ئەمریکا بکەن. ئامانجێکی سەرەکی سەردانەکە، تاوتوێکردنی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکایە بەسەر ژمارەیەک بانکی عێراق و پێنەدانی دۆلار.

ڕاوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری دارایی، باسی لەوە کرد "سەردانەکەی شاندی بانکیی ناوەندیی فیدراڵی بۆ ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیجیی نێوان ئەمەریکا و عێراقە و مەبەست لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە".

مەزهەر محەممەد ساڵح دووپاتیشی کردەوە سەردانەکە، پاڵپشتی پاراستن و سەقامگیری سیستەمی بانکی دەکات و ڕوونیشی کردەوە، هەڵگرتنی سزای سەر بانکە عێراقییەکان، پێویستی بە دانوستان هەیە لەگەڵ لایەنی ئەمەریکایی.

بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی سوودانی "ئەمەریکا دۆستی عێراقە و پەیوەندییەکی سەقامگیریی ئابووریی لەگەڵ ئێمە هەیە؛ پێویستە پەرە بەو پەیوەندییانە بدرێت بە شێوەیەک سوود بە ئابووریی عێراق بگەیەنێت".

قەرزەکانی سەر عێراق

لەبارەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر عێراق؛ ڕاوێژکاری سوودانی گوتی: قەرزەکانی سەر عێراق بەو ئەندازە زۆر نین کە جێی مەترسی بن و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان نابێت، بەتایبەت بەشی زۆریان قەرزی نێوخۆیین، ئێستا ڕەوشی دارایی عێراق باشترە.

وەکو ئەوەی مەزهەر محەممەد ساڵح باسی کرد "کۆی گشتیی قەرزە دەرەکییەکانی سەر عێراق نزیکەی 9 بۆ 10 ملیار دۆلار دەبن و لە چوارچێوە خشتەکانی بودجە و شایستە داراییەکانی، تاوەکو ساڵی 2028 هەموویان دەدرێنەوە".